هەولێر...زۆپای غاز چوار هاوڵاتی كردە قوربانی

پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، سێ هاوڵاتی لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگاكە بەهۆی زۆپای غازەوە خنكاون و هاوڵاتییەكی دیكەش برینداربووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەنراوێكدا پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند "ڕێكەوتی ٢ ی كانوونی دووەمی ٢٠١٨ پۆلیس ئاگاداركرانەوە بەبوونی ڕووداوێكی نەخوازراو لە كەلەكی كۆن سەر بە قەزای خەبات، دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداو دەركەوت كەوا سێ هاوڵاتی بەناوەكانی (س، م، م)، تەمەن (٣٨) ساڵ، (ش، م، ڤ)، تەمەن (٥٦) ساڵ، (ا، س، م)، تەمەن (٢) ساڵ، دوای ئەوەی سۆبەی غاز گرپەی كردوە لەئاكامدا هەر سێ ناوبراو بەهۆی دووكەڵەكەوە خنكاون، هەروەها هاوڵاتیەك بە سەختی زامدار بووە".

پۆلیس راشیگەیاندووە "تەرمی سێ كەسەكە هەڵگیرانەوە و ڕەوانەی پەیمانگای پزیشكی دادی كرا، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە كرایەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر كرا، دادوەر بڕیاریدا بە وەرگرتنی ووتەی داواكاری مافی كەسی مردوو".

پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستووەتەڕوو "داواكارین لە هاوڵاتیانی خۆشەویست لەكاتی خەوتن خۆیان بەدوور بگرن لە بەكارهێنانی ئەمجۆرە سۆبایانە".



AM:11:22:03/01/2018