پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچە 100 ملیار دینار خەرجی حكومەت دەگێریِتەوە

پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە گەیشتە پەرلەمان و سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانیش دەڵێت "100 ملیار دینار خەرجی حكومەت دەگێریِتەوە".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە گەیشتە پەرلەمان ئەوەش دوای ئەوە دێت كە پێشتر بەهۆی چەند تێبینیەكەوە گەڕێنرابووەوە بۆ حكومەت.

د. عزەت سابیر، سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی كانوونی دووەمی 2017 پڕۆژە یاساكە گەیشتۆتە پەرلەمان و ئەگەر جێبەجێبكرێت سودی زۆری دەبێت بۆ مووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و خانشینان".

سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان كە هاوكات ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیشە لە پەرلەمان ئەوەی خستەڕوو چەندە گرنگە یاسات هەبێت جێبەجێكردنەی زۆر زیاتر گرنگی هەیە و حیكمەت لە جێبەجێكردنیدایە وتیشی "بە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە لەلایەن حكومەتەوە نزیكەی 100 ملیار دینار خەرجی بۆ حكومەت دەگێڕێتەوە و بەوەش كاریگەری لەسەر پێدانی كاتی مووچە دروست دەكات تەنانەت ئەگەر لە بەغداشەوە ئاستەنگی بۆ ناردنی موچە دروستبكرێت بە گێڕانەوەی ئەم بڕە پارەیە كاتی پێدانی موچە خێراتر دەكات".

ئەوەشی خستەڕوو "هیچ یاسایەك بەبێ كەموكورتی نابێت و سەد لەسەد ئامانج ناپێكێت، بەڵام هەوڵدەدەین بە كەمترین كەموكورتیەوە پڕۆژەكە پەسەند بكەین و بیكەینە یاسا".

پڕۆژەیاسای‌ چاكسازیی‌ لەخانەنشینی‌ و موچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەكانی‌ دیكە، لەحكومەتی‌ هەرێمەوە پێشتر ئاراستەی‌ پەرلەمان كرابوو دوای‌ گەڕاندنەوەی‌ بۆ چارەسەركردنی‌ هەندێك كەموكوڕی‌ جارێكی‌ دیكە پڕۆژەكە ئاراستەی‌ پەرلەمان كرایەوەو هەفتەی‌ داهاتوش پەرلەمان كۆبونەوەی‌ لەبارەی‌ ئەنجامدەدات.

هاوكات بەگوێرەی زانیاریەكان هەفتەی‌ داهاتوو پەرلەمان كۆبونەوەی‌ بۆ ئەنجامدەدات و لەكۆبونەوەكەدا خوێندنەوەی‌ یەكەمی‌ بۆ دەكرێت و پاشان ئاراستەی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ و لیژنەی‌ یاسایی‌ پەرلەمان دەكرێت و دوای‌ ئامادەكردنی‌ ڕاپۆرتی‌ تایبەتی‌ هەردوو لیژنەكەش لەپەرلەمان گفتوگۆی‌ لەسەردەكرێت و پەسەنددەكرێت.



AM:11:52:03/01/2018