به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دارستان رایگه‌یاند كه 12 تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركردووه كه هه‌ڵساون به راوكردنی سێ ئاسكی كێوی و ژمارەیەک باڵنده‌ی کێوی.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی پارێزگای سلێمانی له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە رایگه‌یاندووە كه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ساڵی نوێ و له چالاكییه‌كی گه‌وره‌ی هێزه‌كانیان، توانییان 12 تۆمه‌تبار له‌سه‌ر دیارده‌كانی راوكردی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی ده‌ستگیر بكه‌ن و راده‌ستی دادگایان بكه‌ن و ده‌ست بگرن به‌سه‌ر چه‌ند كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كی راوكردندا.
لە ڕاگەەندراوەکەدا عه‌قید هێمن كه‌مه‌رخان ئه‌فه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی ڕایگەیاند "جێگه‌ی داخه تائێستاش به‌شێك له هاووڵاتیان پابه‌ندنابن به رێنماییه‌كانی پۆلیسی دارستان و ته‌نها له پێناو حه‌ز و ئاره‌زوویه‌كی تایبه‌تیدا بێگوێدانه مافی گشتی راوی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی ده‌كه‌ن و زیانی زۆر به سروشت و ژینگه‌ی كوردستان ده‌گه‌یه‌نن و جێگه‌ی خۆشحاڵییه كه ئه‌و تۆمه‌تبارانه له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی پۆلیسی دارستان ده‌ستگیرده‌كرێن و به‌پێی تۆمه‌ته‌كانیان سزای یاسایی وه‌رده‌گرن".
عه‌قید هێمن ده‌ڵێت "له ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا له سنوری بنكه‌ی پۆلیسی دارستانی سه‌نگاو له چه‌مچه‌ماڵ و هاوكات له به‌شی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی ده‌ربه‌ندیخان له چه‌ند چالاكییه‌كی مه‌یدانیدا توانراوه 12 تۆمه‌تبار ده‌ستكیربكرێن و رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌یه‌كی بنكه‌ی سه‌نگاو به‌هاوكاری باره‌گای به‌شی چه‌مچه‌ماڵ و بنكه‌ی شۆڕش به سه‌رپه‌رشتی مولازم هه‌ڵۆ له دوو چالاكیدا توانراوه نۆ سه‌رپێچیكار ده‌ستگیر بكرێن كه سێ له‌و تۆمه‌تبارانه هه‌ستاون به راوكردنی سێ ئاسكی كێوی و له‌هه‌مان كاتدا ده‌ست گیراوه به‌سه‌ر یه‌ك چه‌كی جۆری كڵاشینكۆف و یه‌ك تاپڕدا".
به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "هه‌مان مه‌فره‌زه توانییان شه‌ش تۆمه‌تباری تر ده‌ستگیربكه‌ن كه سه‌رقاڵی راوی باڵنده‌ی كێوی بوون و ئه‌م تۆمه‌تبارانه 16 باڵنده‌ی كێوی (سوێسكه)یان راوكردبوو، كه 11 دانه‌یان كوژراو بووه و 5 دانه‌یان زیندوو بوون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌هه‌ردوو چالاكییه‌كه‌دا ده‌ستگیراوه به‌سه‌ر سێ ئۆتۆمبیل و حه‌وت لایتی راوكردندا".
روونیشیكرده‌وه كه "له‌لایه‌كی تره‌وه مه‌فره‌زه‌یه‌كی به‌شی پۆلیسی دارستانی ده‌ربه‌ندیخان له‌ئه‌نجامی ده‌رچوونێكی مه‌یدانیدا توانییان سێ تۆمه‌تبار ده‌ستگیربكه‌ن كه هه‌ستابوون به راوكردنی 26 باڵنده‌ی كێوی (بوكه سووره) و هاوكات ده‌ستگیرا به‌سه‌ر سێ ده‌سته‌دا له‌گه‌ڵ سێ قه‌فه‌زدا".
عه‌قید هێمن ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە كه سه‌رجه‌م تۆمه‌تباره‌كان و كه‌لوپه‌له ده‌ستبه‌سه‌رداگیراوه‌كان راده‌ستی دادگا كراون بۆ وه‌رگرتنی سزای یاسایی، هاوكات باڵنده زیندوه‌كان ئازادكرانه‌وه.