لەسەر هەبوونی ناكۆکی لەگەڵ بارزانی، هۆشیار زێباری رروونکردنەوە دەدات

هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و وەزیری دەرەوەی پێشووی عێراق، لەسەر هەبوونی ناکۆکی لەنێوان ئەو و مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم کە لەهەندێک میدیای عێراقی بڵاوکراوەتەوە روونکردنەوە دەدات.

لە روونكردنەوەیەدا كە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) بڵاوی كردووەتەوە، هۆشیار زێباری دەنگۆیەكی چەند میدیایەكی عێراقی رەتدەکاتەوە، كە لەبارەی ئەوەوە هەڵبەستراون.

لە روونكردنەوەكەی زێبارییدا هاتووە "چەند میدیایەكی گوماناوی و بێ متمانەی عێراقی هەواڵێكیان هەڵبەستووە گوایە نارەزایی بەرانبەر سیاسەتەكانی سەرۆك بارزانی و كوڕەكانی هەبووە و چووەتە نێو هاوپەیمانی سیاسی وەهمیەوە".

زێباری ئاماژەی داوە "لە كاتێكدا هەڵبەستنی ئەم هەواڵە درۆیینانە رەت دەكەینەوە، دەست بەمافی یاسایی خۆشمانەوە دەگرین بۆ گرتنەبەری ڕێگەی دادگا لە دژی ئەوانەی هەواڵەكەیان هەڵبەستاوە".

هەروەها نووسیویەتی دیارە ئەوانەی لە پشت هەڵبەستنی ئەم هەواڵەوەن، لە ناخەوە نەخۆشن و نەیانتوانیوە یەكگرتوویی نێو پارتی دیموكراتی كوردستان و گەلی كوردستان تێكبدەن لە پشتیوانیكردن و وەستان لە پاڵ سەرۆك بارزانی بەرانبەر زۆرداری و ناهەقییەكانی دوژمنان و دژایەتیكەرانی مافە دیموكراسی و شەرعیەكانی كورد.



AM:10:34:04/01/2018