ئەفسەرێکی وەزارەتی ناوخۆ روونکردنەوەیەک لەسەر عەلی باپیر دەدات

ئەفسەرێکی پلە باڵای پۆلیسی هەولێر لەسەر سەردانێکی عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بۆ ماڵەکەیان روونکردنەوە دەدات، دەڵێت" من هەر كوڕەكەی جارانم و خزمەتكردنی كوردستان و كوردستانیان لووتكەی ئامانجمە".

موقەدەم کاروان خۆشناو وتەبێژی پۆلیسی هەولێر کە دیارە سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستانە، ماوەیەکە لەکارەکەی درووخراوەتەوە، بەپێی نامەکەی پێدەچێت لەسەر سەردانێکی عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بۆ ماڵەکەیان کە زیاتر مەبەست لەسەردانەکە ماڵی براکەی ئەو ئەفسەرەبووە دوورخراوەتەوە، لە روونکردنەوەیەکدا بەناڕاستەوخۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو نەبووە بەکۆمەڵی ئیسلامی و لەرێگای پارتیەوەو پیشەکەیەوە کە ئەفسەری پۆلیسە خزمەتی کوردستان دەکات.

دەقی‌ رونكردنەوەكە
روونكردنەوەیەكی پێویست ...

دوای دەرچوونم لە پەیمانگایی مامۆستایان لە ساڵی ۱۹۹۲ و، دەستكردن بە دامەزراندنی هەیكەلی پۆلیسی كوردستان ئەوا هەمان ساڵ وەكو رێپێدراوێكی پۆلیس لەسەر پشكی پارتی، وەكو رێپێدراوی لێكۆڵینەوە لە بنكەی پۆلیسی خانەقا شاری هەولێر دەست بەكاربووم ...

لە ساڵی ۱۹۹٨، لەگەڵ دامەزراندنی كۆلیژی پۆلیس لەهەولێر لەیەكەم ساڵدا چوومە كۆلیژ و دواتر لە ساڵی ۲۰۰۰ بەپلەی ملازمی دووەم دەرچووم و، وەكو ئەفسەری لێكۆڵینەوەلەبەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان دەست بەكاربووم،و لەهەمان ساڵدا بەهۆیی لێهاتوویم وەكو ئەفسەری ڕاگەیاندن و ،وتەبێژی پۆلیس دەستنیان كرام ، كەلەم بوارەدا رۆلێكی بەرچاوم هەبووە،و چەندین خولی تایبەتم لە ناوەوەو دەروەی وڵات بینیووە .

زۆر بەداخەوە لە ئۆكتۆبەری ساڵی ۲۰۱٥ لەسەر تۆمەت و بوختانێكی ناڕەوا و درۆیین لە كارەكەم دوورخرامەوەو سڕكرام، ئەمەش بە بیانووی تەشهیركردن بە كەسایەتیەكی دیاری نێو حكومەت.

لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا هەمان كەسانی تقریر نووس و كاسەلێس ولەخوانەترس هەڵسان بە دارشتنی چەندین سیناریۆی گوماناوی لەبارەی من و ،هۆنینەوەی چەندین قسە و قسەلۆك بوختان لەسەرم، جارێكیان پەیوندیم بەولایەنە كردووە، وجارێكی دیكە چاو ساغی فلانە كەسەم ، ئەمە جگە لەچەندین قسەی تری بێ بنەما ،ئەمەش هەموو ی لە پێناو دامركانەوەی حەزی نەفسە نزمەكانیان وپۆشینی كەمووكوڕی ،و وەرگرتنی ئافەرین و دەستخۆشی بە ناڕەوایی .

ئەوەی شایەنی باسە، و بەگەواهی هەموو لایەك. لەم ماوەیەدا من هەر لەهەولێر ماومەتەوەو، لەسەر رێچكە و رێبازی باوكم بەردەوام بوویم ،كەمن ڕۆڵەی بنەماڵەیەكی خەباتگێری ئەم شارەم ...

جێگایی وەبیرهێنانەوەیە كە (كەریم شێخ عەلی) باوكم یەكێكە لە خەباتگێرە دێرێنەكانەی ئەم شارە، لەبەهاری ساڵی ۱۹٥٥ لەسەر دەستی بەرێزان عەونی یوسف و قادر شۆرش هاتۆتە رێزی پارتی دیموكراتی كوردستان، وپێشمەرگەی ئەیلول بووە، حكومی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

ئەوەی مایەی خۆشحاڵیە كە لە رۆژی ۱۳ ئابی ۲۰۱۷ بەدیداری برای خۆشەویستم فەرماندە (ڕەوان ئیدرس بارزانی)، شاد بووم، كە گوایە بەفەرمانی ئەو سڕكراوم ، بەرێزیان بێ ئاگایی خۆی لەم بابەتە نیشاندا و زۆر بەڕێزەوە روونكردنەوەی خۆیی خستەڕوو، كە دووبارە بۆمان دەركەوت كە هەر هەمان كەسانن كە لە ئاوی لیڵدا هەوڵی ڕاوكردنی رۆڵە بە ئەمەكەكانی شاری هەولێر دەدەن، لە پێناو دوورخستنەوەیان و قۆرخكردنی دۆخەكە.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا سەردانی مامۆستایی بەڕێز (عەلی باپیر) بۆ ئێمە بۆتە بنیشتە خۆشەی سەر زاری هەمان تاقم ،كە دووبارە دەیانەوێت پشێوی بخەنە ڕەوشەكە ..

بۆ مێژوو دەیڵێم سەردانەكەی مامۆستا بۆ لایی ئێمە زۆر ئاسایی بووە، دەبوایە لەماڵی حاجی برام بێت ،بەڵام بەهۆی بچووكی خانووەكەی گوسترایەوە ماڵی من، و لەم دانیشتنەدا غەیری قسەی خۆش، و شیكردنەوە سورەتی كەهف هیچ شتێكی تر باسی لێوە نەكراوە .

ودوا بەدوای تەواوبوونی سەردانەكە، یەكسەر هەڵسام بەدانانی وێنەی سەردانەكە لەئەكاونتی كەسی خۆم لە ئینستگرام ئەمەش بۆ بەرچاو روونی، نەبادا هەمان كەسانی هەڵپەرست و نەفس نزم نان و پیازی پێ بخۆن و، سینارێویەكی تر دروست بكەن ،كەچی ئەمجارەیان زۆر بەتووندی بەبێ گوێدانە خەباتی بنەماڵەكەمان چەندین سینارێو و بوختانیان بۆ هەڵبەستووین، كە گوایە ئێمە چووینەتە رێزی كۆمەڵی ئیسلامی .

لەگەڵ ئەوپەری ڕێزمان بۆ مامۆستاو كۆمەڵی ئیسلامی بەڕێز، بەڵام لێرە و لە سۆنگەی ئەم نووسراوە ڕایدەگەینم من هەر كوڕەكەی جارانم و خزمەتكردنی كوردستان و كوردستانیان لووتكەی ئامانجمە، و هیچ بەتەما نیم لەكاردانەوەیەكی ساتەوەختی، یان پەرچە كردارێكی خێرا هەڵوێستە نەگۆڕەكانم لەدەست بدەم ...

من مقدم كاروان خۆشناو ئەم روونكردنەوەیە دەخەمە بەردەم جەنابی سەرۆك بۆ ئەوەی حەدێك بۆ ئەم هەڵپەرستانە دابنێت، و ڕایدەگەینم كەهەر لەسەر ئەو رێبازە و خەمخۆر و دلسۆزی كورد و كوردستانم.



PM:08:58:05/01/2018