پژاک رای خۆی لەسەر چارەسەری دۆخی ئێران ئاشکرا کرد

هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پەژاک، زیلان ڤەژین رایدەگەیەنێت " خۆسەری دیموکراتی رێگەچارەی قەیرانەکانی ئێرانە".

هاوسەرۆکی پەژاک، زیلان ڤەژین لە وتارەکەیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە هۆکاری ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ چارەسەر نەبوونی قەیرانە دەیان ساڵەکانی ئەو دیموگرافیا سیاسیە و گرفتی سەرەکیش رژێمی ئێران و یاسای بنەڕەتیە نادیموکراتیکەکەیەتی، دەڵێت " ئەو یاسایە کە لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوە نووسراوە، دژی مافە نەتەوەیی و باوەڕیەکان و هەروەها مافەکانی ژنان و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی ترە، ئەو یاسایە رێگەی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و رێبەری رژێم داوە گەلان سەرکوت بکەن و هەناسەیان لێ ببڕن".

ڤەژین لە درێژەدا ناکۆکی باڵەکانی ناو رژێمی وەبیر هێناوەتەوە و نووسیویەتی " ئەوان بە گشتی لەیەک هێڵدان و بە تێکڕا رژێم لەبەرامبەر داخوازیەکانی گەل دەپارێزن، بە ورد بوونەوە لە مێژووی کەسانێک وەک خاتەمی و رۆحانی بۆمان دەردەکەوێت ئەوانیش بە توندی گەلانیان سەرکوت کردووە، لەراستیدا ریفۆرمخوازەکانیش تووشی داڕمان بون و بەرەیەکی نوێ بۆ داخوازیە دیموکراتیک و ئازادیخوازەکان کراوەتەوە".

هاوسەرۆکی پەژاک بوونی تێڕوانینێکی دروست بۆ دیموکراسی لە لایەن کۆمەڵگای بە پێویستیەکی گرینگ بۆ گەیشتن بە ئازادی دەزانێت و نووسیویەتی: نەتەوەی دیموکراتیک و خۆسەری دیموکراتیک، باشترین چارەسەرە بۆ گەلانی ئێران، لەم مۆدێلەدا گەلانی ئێران دەتوانن بە پاراستنی یەکڕیزی خۆیان، بەگەنە یەکێتی سیاسی، ئاسایشی، ئابوری و کلتووری. هەروەها خۆسەریەکان دەتوانن بەپێ پێویست پێک بێن و سیستەمێکی دیموکراتیک پێک بێنن، ئەگەر وەها هەنگاوێک هەڵنەگیرێت دەرفەتی گۆڕانکاری ناوخۆ نامێنێت و ئەگەری دەستوەردانی دەرەکی هەردەم دەمێنێت، کۆمەڵگاکانی ئێران تەنها لە رێگەی یەکگرتوویی دیموکراتیکەوە دەتوانن بەگەنە خواست و ئامانجەکانی خۆیان.



AM:11:13:08/01/2018