پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن بەرپرسانی ئیداری قەزاكەوە ئاماری ڕووداوەكانی چەمچەماڵ بڵاوكرایەوە و لە ساڵی ڕابردوودا 190 حاڵەتی تەقەكردن ڕوویداوە
ئەمڕۆ دووشەممە 8ی كانوونی دووەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەقایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ ئامارەكانی ساڵی رابردووی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و تەندروستی قەزاكە راگەیەنران.
سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە كە پەیامنێری "سپی" ئامادەی بوو رەمك رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ پێكهاتەی جوگرافی و ئیداری چەمچەماڵی خستەڕوو بەجۆرێك لە سنوری ئیداری قەزای چەمچەماڵ لە 8 ناحیە و 50 فەرمانگە پێكهاتووە، لەڕێگەی فەرمانگەكان و لیژنەكانەوە كاروباری خەڵك بەڕێدەكرێت و وتی "لەساڵی 2017دا شارەوانی چەمچەماڵ 450 ملیۆن دینار و فەرمانگەی ئاویش زیاتر لە 300 ملیۆن دینار داهاتیان بووە، لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت بەبڕی 4 ملیۆن و 245 هەزار دینار غەرامەی سەرپێچیكارانیان كردووە".
قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ئاماری ئاگركوژێنەوەی قەزاكەشی راگەیاند و وتی "لە ساڵی رابردوودا 147 حاڵەتی ئاگركەوتنەوە كۆنترۆڵكراون و 5 حاڵەتی برینداری ئاگركەوتنەوە و 3 حاڵەتی خنكانمان هەبووە".
هەر لەو كۆنگرەیەدا عەمید عادل ساڵح، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ ئاماری بنكەكانی پۆلیسی راگەیاند و وتی "لەساڵی 2017دا دوو هەزار و 175 كەیس هەبوون، بەراورد بە ساڵی 2016 زیادیانكردووە، بەڵام كوشتن كەمی كردووە بە جۆرێك لە ساڵی رابردوودا تەنیا 12 حاڵەتی كوشتن هەبوو، وە لەساڵی 2016دا 15 كەیسی كوشتن تۆماركراوە".
وتیشی "لەو 12 حاڵەتەی ساڵی رابردوودا 10 حاڵەتیان تۆمەتبار ناسراوە و 5 كەسیان دەستگیركراون و رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و ئەوانی تر شوێنیان دیارنیە، هەوڵی خۆكوشتن 24 كەیس بووە و 9 كەسیش لەساڵی رابردوودا خۆیان كوشتوە، هەروەها لەساڵی 2017دا هەزار و 240 فەرمانی دەستگیركردنی تۆمەتباران هەبوو، هەزار و 57 كەسیان دەستگیركران و 183 كەسیش دەستگیرنەكراون".
بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ ئاماری تەقەكردنی ئاشكرا كرد و رایگەیاند "لەساڵی 2016دا 205 حاڵەتی تەقەكردن هەبووە، لەساڵی رابردوودا كەمیكردووە بۆ 190 حاڵەت، بەڵام حاڵەتی دزی زیادیكردووە بەجۆرێك لەساڵی 2016 تەنها 310 حاڵەت هەبووە بەڵام لە 2017 زیادیكردووە بۆ 326 حاڵەت".
هاوكات عەقید عومەر حەمە عەلی، بەڕێوەبەری هاتوچۆی چەمچەماڵیش لە كۆنگرەكەدا ئامارەكانی هاتوچۆی لەسنورەكە راگەیاند "لەساڵی رابردوودا 91 رووداوی جۆراو جۆری هاتوچۆ روویانداوە كە 39 رووداویان پێكدادان بووە، 40 وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل بووە لەگەڵ 11 شێلان".
وتیشی "كۆی گشتی ئەو كەسانەی بەڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە بریتی بوو لە 26 مردن كە بەراورد بەساڵی 2016 زیادیكردووە، چونكە لەو ساڵەدا تەنها 21 حاڵەتی مردن هەبووە، وە برینداری رووداوی هاتوچۆ 151 حاڵەت تۆماركراوە، زۆرترین رووداوی هاتوچۆ لەڕێگەی نێوان چەمچەماڵ – سلێمانی تۆماركراون".
هەروەك دواتر ئەیوب حەمە، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ لەبارەی ئامارەكانی فەرمانگەكەیەوە ئەوەی رایگەیاند "لەسالی 2017دا 289 هەزار و 469 كەس سەردانی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانیان كردووە، بەراورد بەساڵی 2016 رێژەكە بەرزبۆتەوە كە بریتی بووە لە 269 هەزار و 242 كەس".
راشیگەیاند "لەبنكەی پشكنینی بانی مەقان 695 تەن و 60 هەزار و 610 كارتۆن خۆراكی ناتەندروستمان گەڕاندوەتەوە و نەمانهێشتووە بچێتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە، لەگەڵ دەست بەسەردا گرتنی 5 تەن دەرمانی خراپ و ماوە بەسەرچوودا".
ئا/ ئاری فاتیح