بەرپرسێکی باڵای یەکگرتوو: هیوادارم یەکگرتووی ئیسلامی لە حکومەت بکشێتەوە

ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو داوا دەکات ١٥ ئەم مانگە حیزبەکەی بڕیار بدات و لە حکومەتی هەرێم بکشێتەوە.

ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی رایگەیاند " ئێستا هەفتەیەك ماوە بۆ كۆتایی هاتنی ئەو وادەیەی یەکگرتوو بۆ حکومەتی هەرێمی داناوە تا چاکسازی بکات، پێموایە بە هەفتەیەكیش هیچ ناكرێت، خەڵكیش چاوەڕوانن دەبێت یەكگرتوو بڕیاری خۆی بدات".

ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حکومەت هەنگاوێکی ئەوتۆی نەناوەو تەنها ئەو سەردانە بووە بۆ دەرەوەی هەرێم، كە حكومەت ئەنجامی داوە و هیچی دیكە بەدی ناكرێت.

ئەبوبەکر سەرۆکی فراکسیۆنی پێشووی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان هیوادارە یەكگرتوی ئیسلامی دوای 15ی مانگ بڕیاری كشانەوە لە حكومەت بدات.

ئەو پێیوایە هاوڵاتیان مافی خۆیانە لە چاوەڕوانی بڕیارە چارەنووسسازەكەی یەكگرتوودا بن، كە داویەتی بە حكومەتی هەرێم بۆ چاكسازی دەنا كشانەوەیانە لەو حكومەتە.

سەرکردایەتی یەکگرتوو لە کۆتا مانگی ساڵی پاردا بڕیاری دا کە تا ١٥ ی کانوونی دووەم مۆڵەت بدات تا چاکسازی بکات لە
مووچە و بژێوی هاوڵاتیان تا لەو حكومەتە بمێننەوە.



PM:08:50:08/01/2018