دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمان نەخراوەتە بەرنامەی كارەوە

سبەی‌ چوارشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی‌ یەكەم بۆ پرۆژە یاسای‌ چاكسازی‌ لەخانەنشینی‌ و مووچەو چەند پرۆژەیەكی‌ یاسایی‌ دیكە بكات، بەڵام دەستلەكاركێشانەوەی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان، نەخراوەتە بەرنامەی كارەوە.

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (4)ی ئاساییی خولی پاییزەی رۆژی چوارشەمە رێكەوتی 10/1/2018ی راگەیاند كە سبەینێ‌ كاتژمێر 12ی‌ نیوەرۆ دەستپێبكات و بەگوێرەی بەرنامەی كاری ڕاگەیەندراو خوێندنەوە و گفتووگۆ لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە دەكرێت كەتایبەتە بە چاكسازی‌ لەخانەنشینی‌ و موچەو دەرماڵەو بەخشینەكانیان.

هەر لەو دانیشتنەدا بڕیارە راپۆرتی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ تایبەت بەخۆپیشاندانەكان و خوێندنەوەی‌ یەكەم بۆ پرۆژە یاسای‌ دامەزراوەكردنی‌ هێزە چەكدارەكانی‌ كوردستان بكرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە دووهەفتە زیاترە سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان، د.یوسف محەمەد دەستی‌ لەكاركێشاوەتەوە، بەبێ‌ ئەوەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان گفتوگۆ لەسەر دەستلەكاركێشانەوەكەی‌ بكات.

بەگوێرەی زانیاریەكانی "سپی"یش هۆكاری ئەوەی دەستلەكاركێشانەوەی یوسف محەمەد ناخرێتە كارەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێكنەكەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر دياريكردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە.



PM:02:29:09/01/2018