داوای ئازادكردنی دوو ڕۆژنامەنووس دەكرێت

 ڕێكخراوی ئەمنستی داوای لە میانمار كرد كە بەخێرایی دوو ڕۆژنامەنووسەكەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئازاد بكات و وتیشی "حكومەت هەوڵیداوە ڕۆژنامەنووسەكان بێدەنگ بكات". 

جەیمس گۆمێز، بەڕێوبەری ڕێكخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ (ئەمنستی) بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و زەریای هێمن وتی "ئەمە بە ئاشكرا هەوڵێكی بەرپرسانە بۆ بێدەنگ كردنی لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە پێشێلكارییە سەربازییەكان و تاوانەكانی دژی ڕۆهینگیەكان لە ویلایەتی ڕاخین، هەوڵێكیشە بۆ ترساندنی ڕۆژنامەنووسەكانی دیكە بۆ ئەوەی واز لەو كارە بهێنن كە ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە كردوویانە".

هاوكات حكومەتی میانمار دەڵێت، دوو ڕۆژنامەنووسەكە لێكۆڵینەوەیان لێدەكرێت لەسەر ئەوەی بەندی یاسای نهێنی وڵاتەكەیان پێشێل كردووە، ئەگەر تاوانبار بكرێن ئەوا پێدەچێت١٤ ساڵ زیندانی بكرێن. 

ئەوەش لەكاتێكدایە ڕۆژنامەنووسەكان كاریان لەسەر چیرۆكەكانی ئەركە سەربازییەكانی میانمار كردووە كە دژی ڕۆهینگیە موسوڵمانەكانی ویلایەتی ڕاخین ئەنجامیان داون كە بووە هۆی ئەوەی ٦٠٠هەزار ڕۆهینگی ناچار بە هەڵهاتن بكرێن بەرەو بەنگلادیش.

دوو ڕۆژنامەنووسەكە كە ناویان (وا لۆن و كیاو سو ئۆ) لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ دەستگیركراون و بۆ ماوەی دوو هەفتە نەیانهێشتووە پەیوەندیی بە كەسەوە بكەن و وابڕیارە ئەمڕۆش بچنە بەردەم دادگا.




AM:10:07:10/01/2018