پەرلەمانی عێراق ئەندامێتی دوو پەرلەمانتاری هەڵپەسارد

 


سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ ئەندامێتی دوو ئەندام پەرلەمانی بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ هەڵپەسارد، بەهۆی ئەوەی پێشێلکاری یاساییان کردووە لە دواین دانیشتنی پەرلەماندا.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەلیم جبوری، ئەمڕۆ چوار شەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکی پەرلەمان بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی پێدراوە بە گوێرەی یاسا و دەستور، وتەی هەریەکە لە ڕیاز غالی و عەواد عەوادی سەر بە قەوارەی ئەحراری سڕییەوە لە دانیشتنی ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوودا، دوای ئەوەی دوور لە پراسیپەکانی یاسا ئاژاوە پشێوییان لە کاتی دانیشتنی پەرلەماندا ناوەتەوە، بە تایبەت لە کاتی دەنگدان لەسەر یەکێک لە پەرلەمانتارە جێگرەوەکانی سەر بە یەکێتی هێزە عێراقییەکان.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریدا، بە هەڵپەساردنی ئەندامیەتی ئەو دوو پەرلەمانتارە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ و بڕینی مووچەی ئەو ڕۆژانەی کە ئەندامیەتییەکەیان هەڵدەسپێردرێت، هەروەک چۆن بۆ ئەندامێکی پەرلەمان کە بە نەهاتوو حساب دەکرێت، بێ بوونی بەهانەیەکی پێویست.

لە کۆتایی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا هاتووە، ئەو پەرلەمانتارانە ئاراستەی لیژنەی جێبەجێکردنی یاسا و بنەماکانی هەڵسوکەوتی پەرلەمانتاری دەکرێن، بە مەبەستی لێپرسینەوە دەربارەی ئەو پێشێلکارییانەی کە کردوویانە، هەروەها سەپاندنی سزای پێویست بەسەریاندا کە ڕەنگە بگاتە دوورخستنەوەیان لە پەرلەمان.

لە دوا دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا لە ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوو ٨ی کانوونی دووەم ، ڕوبەڕووبوونەوە و شەرەقسە لە نێوان هەریەکە لە ڕیاز غالی و عەواد عەوادی و سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەماندا دروست بوو، سەبارەت بە خستنەڕووی بابەتی گۆڕینی پەرلەمانتار متەشەر سامەڕائی بە موسەنا سامەڕائی لە لیستی یەکێتی هێزە عێراقییەکان.



PM:07:55:10/01/2018