مام رۆستەم: نابێت هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی‌و پارتی بکرێت

هەڵسواڕاوی دیاری گۆڕان مام رۆستەم لەپەیامێکدا لەسەر هەڵبژاردن و دروستکردنی هاوپەیمانی دەڵێت" بۆیە ئەم حوکمڕانانەی ئێستای هەرێم،نەک هەرنابێت هیچ هاوپەیمانێتیەکیان لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو پێویستە هەموو هەوڵێک بخرێتە گەڕ تاوەکو لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا،لەلایەن گەلەوە قورسترین سزا بدرێن".
لە پەیامێکدا بەناونیشانی " بۆ هێزو لایەنە ئازاو ئازادیخوازەکانی هەرێمی کوردستان" هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان و پێشمەرگەی کۆنی یەکێتی مام رۆستەم دەڵێت " زۆر بە داخەوە،چەند ڕۆژێکە دەنگۆی هاوپەیمانی و هاولیستی بۆ هەڵبژاردنەکان لەگەڵ (یەکێتی و پارتی)بەتایبەت لە ناوچە دابڕاوەکان دەبیستین. لەکاتێکدا بەدرێژایی ۲۷ ساڵە خەڵکی کوردستان قوربانی حوکمڕانی گەندەڵ و شکست خواردووی یەک لە دوای یەکی ئەم هێزانەن".

لەدرێژەی پەیامەکەیدا مام رۆستەم دەڵێت "دوایین شکستی ئەم دوو بنەماڵە حوکمڕانە،لەدەستدانی هەموو ناوچە دابڕاوەکان بوو بە کەرکوکی دڵ و قودسی کوردستانیشەوە. بۆیە ئەم حوکمڕانانەی ئێستای هەرێم،نەک هەرنابێت هیچ هاوپەیمانێتیەکیان لەگەڵدا بکرێت،بەڵکو پێویستە هەموو هەوڵێک بخرێتە گەڕ تاوەکو لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا،لەلایەن گەلەوە قورسترین سزا بدرێن 
لەبەرئەوەی نموونەی ناشرینترین حوکمڕانی سەردەمن".
ناوبراو دەشڵێت "گەلی ئێمە چاوی لە ئایندەیەکی ڕوونە دوور لە حوکمڕانی پارتی و یەکێتی. وە میللەتی ئێمە چیتر توانای بەرگەگرتنی ئەم نەهامەتیانەی نەماوە. پێویستە هەرچی زووە ئێوە هەوڵی دابینکردنی قوت و ژیانی خەڵک و زامن کردنی مافە دەستورییەکانی بکەن لە ڕێگەی حکومەتی ناوندەوە".
لە کۆتاییدا پەیامەکەدا مام رۆستەم دەڵێت "هەر هێزو لایەنێکی سیاسی ببێتە هاپەیمانی پارتی و یەکێتی،ئەوا بێگومان ئەبێتە شەریکی ۲۷ ساڵ حوکمڕانی گەندەڵ و شکستخواردوی ئەم دووهێزە".



PM:11:31:10/01/2018