نرخی بەنزین هەرزان دەبێت

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێداچوونەوە بەڕێگە پێدانی كۆمپانیاكان بۆ هاوردەكردنی سوتەمەنی دەكات و هەوڵی هەرزانكردنی نرخی بەنزینیش دەدات.


هۆشیار ئیسماعیل جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی  راگەیاند "وەك ئەندامێك لە لیژنەكەدا پێشنیازێكم پێشكەش بە لیژنەكەمان كردووە بۆئەوەی لەسەر نرخی بەنزین و سوتەمەنی بەگشتی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی دانیشتنێك ئەنجام بدەین ، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ پارێزگار قسەم كردووە و ڕەزامەندی بۆ كۆبونەوەكە دەربڕیووە".

وتیشی "بڕیارە لە دانیشتنەكەدا پێداچوونەوە بكەین بەو ڕێگەپێدانانەدا كە دراوە بە كۆمپانیاكان بۆ هاوردەكردنی سوتەمەنی و وەرگرتنی نرخی ئەو شوێنانەش كە بەنزین و سوتەمەنی لێ هاوردە دەكرێت لەگەڵ قازانجی بازرگانەكان".

جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای ئاماژەی بەوەشدا ، ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ناتوانین نرخ دیاری بكەین ، بەڵام دەتوانین كێبڕكێ لەنێوان كۆمپانیاكان دروست بكەین بۆ كەمكردنەوەی نرخی بەنزین و باشتركردنی كوالێتییەكەی.



PM:02:00:12/01/2018