ئەحمەد حاجی رەشید: هۆکاری نەناردنی پارەی جوتیارانی هەرێم ئاشکرا دەکات

ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پارەی جوتیاران وەڵامی بەرپرسێکی پارتی دەداتەوەو دەڵێت" ئەوە بازرگانە حیزبیە چاوچنۆكەكانی ئێوەن كە گەنمی موسڵتان لە رێگەی دهۆكەوە تیكەڵ بەگەنمی جوتیارانی بەدبەخت كرد تا قەیرانی نەدانی پارەی جوتیارانی لێ دروست بوو".
 
لە روونکردنەوەیەکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، وەڵامی خەسرەو گۆران سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی پارتی دەداتەوەو دەڵێت " لەسەر ئەو درۆ و بوختان و چەواشەكاریانەی كە خەسرەو گۆران سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێكەوتنیكی لەگەڵ رادیۆی دەنگی ئەمریكا كردویەتی كە من لێرەدا نامەوێت دیفاع لە خۆم بكەم، چونكە خۆی دەزانیت ئەگەر قەناعەتم بە بابەتێك هەبوو زۆر بەراشكاوی دەیڵێم و دەیكەم و چاكیش دەزانێت كە ئامادەنیم بەرگری لە گەندەڵی و دزی و فزی كەس بكەم، هەموو كوردستانیانیش دەزانن و بەتایبەتیش جوتیاران كە یەكێك بووم لەو كەسانەی هەمیشە پاریزەرێكی شایستە داراییەكانی جوتیاران بووم، ئەوە بازرگانە حیزبیە چاوچنۆكەكانی ئێوەن كە گەنمی موسڵتان لە رێگەی دهۆكەوە تیكەڵ بەگەنمی جوتیارانی بەدبەخت كرد تا قەیرانی نەدانی پارەی جوتیارانی لێ دروست بوو".

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ دەشڵێت" سەبارەت بەقسەیەكی بێ بنەمای خەسرەو كە من لای عەبادی باسی هاتنی گەنمم كردبێت ئەوە (٤) سەرۆك فراكسیۆن ئەگەر یەكێكیان پشتڕاستی قسەكەی كردەوە ئەوا من ئامادەم سزای خۆم وەرگرم دەنا خەسرەو گۆران ئەو جوامێرە نییە لەڕووی مندا هەڵسێتەوە، با ئەوەشی بیر بخەمەوە كەبە درۆ و دەلەسە نامەیەكی وەزارەتی پێشمەرگەی هێنابوو بۆ پەرلەمان تا دەوام نەكات و چاكیش پێشمەرگەكان دەیناسن مەگەر بۆ وێنەگرتن بەرەكانی شەری بینیبێت ئەگەرنا ھەر لە دەزگای ھەڵبژاردنی حزبەكەی خەریكی دانانی پلانی ساختەكاری ھەڵبژاردنەكان بووە، ئەوە ئەحمەدی حاجی رەشید نییە پێویستی بە بانگەشە هەبێت تا پێش وەختە بیكات ئەوە خەسرەو خۆیەتی كە پێویستی بە بانگەشە هەیە بیكات بۆ ئەوەی فەزیحەی سەحبكردنی پێ بشارێتەوە كە بەزۆر ئیستیقالەیان پێكرد دەشزانم ئەوەشی لەبیر نەچوە و تا ماوە ئازاری دەدات كە چۆن دووچاری سەرزەنشت بوو كاتیك بەفراكسیۆنێكی (25) كورسیەوە و بەو هەموو پەیوەندیەوە نەیتوانی كێبڕكێی كاندیدی كۆمەڵ بكات لە هەڵبژاردنی بڕیاردەری لیژنەی دارایی و بەدرۆش سوێندی دەخوارد كە ئاگای لەكاندیدبونی نوێنەری پارتی نیە لەكاتێكدا فراكسیۆنی بەرانبەری تەنها (3) كورسی هەیە، سەبارەت بەبانگەشەی پێش وەختی كۆمەڵ زوورە بڵێم ئەوە حیزبەكەی ئەحمەدی حاجی رەشید نییە كە پێویستی بەبانگەشەی پیش وەخت هەبیت چونكە خەڵكی شایەدی ھەڵوێستەكانی كۆمەڵن لە دژی خۆسەپاندن و گەندەڵكاری، ئەوە حیزبەكەی جەنابیانە پێویستی بە بانگەشە ھەیە چونكە هەركەسی ناردە بەغداد ھەر خەریكی پیس خۆری و بەدكاری بوە بۆیە ھەندێكیان دوایی بە تڕۆكراوی ناردنەوە بۆتان لە وەزیرو گزیرو بەرێوەبەری گشتی و تا دوایی شتی تریشیان زۆرە با باسیان نەكەم، سەبارەت بەیەكڕیزی كوردیش ئەوە لەبەرئەوەی خەسرۆمان نەكردە سەرۆكی ھاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆیە نەیهیشت كورد یەك پارچە بیت و ئەو ھاوپەیمانیە دروست ببێت چونكە ئەوە ئیوەن یان دەبێ خۆتان بن; یان نابیت كەس ببیت" .



AM:10:08:13/01/2018