لە لیستی دەنگدەراندا گومان لەسەر ٤٨٤ هەزار دەنگدەر هەیە

بەرپرسێکی باڵای کۆمسیارانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" لە لیستی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستاندا گومان لەسەر راستی و دروستی ٤٨٤ هەزارو ٥٥٦ دەنگ هەیە".

دیاری حاجی عومەر بەڕێوەبەری گشتی دیوانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ سپی رایگەیاند" ژمارەی ئەو خێزانانەی بە کۆبۆنی سفر ناسراون، ٧٧٥ خێزانن، ژمارەی ئاوارەو پەنابەر ٢٣ هەزارو ٧٤٤ هەزار کەسن".

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی هەرێم لە درێژەی ئاشکرا کردنی وردەکارییەکانیدا بۆ سپی وتی" ژمارەی دەنگدانی تایبەت کە هێزی پێشمەرگە و ناوخۆ دەگرێتەوە، بەبێ هێزی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ١٨٤ هەزارو ١٧٥ دەنگدەر هەیە، کە ناویان لە دەنگدانی گشتیشدا دووبارە بۆتەوە".

سەبارەت بە ناوی لێکچوو، دیاری حاجی عومەر وتی" ٢٢٠ هەزارو ٤٤٧ ناو هەیە".

ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەکۆی ئەو ناوانەی گومانیان لەسەرە ٤٨٤ هەزار دەنگدەر دەکات جگە لەناوی مردوو سەرو ٢٠٠ هەزار ناوەوە دەبێت.

  دیاری حاجی عومەر ئاشکرای کرد کە نوسراوی فەرمیان کردووە بۆ وەزارەتەکانی پێشمەرگەو ناوخۆ و دادو تەندروستی کە یارمەتیان بدەن تا لیستی دەنگدەران پاک بکەنەوە، هەروەها لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی هەردووکیان بەڵینی هاوکاریان داوە لەو بوارەدا..



PM:02:25:13/01/2018