تورکیا تۆپبارانی عەفرین دەکات

ھێزەکانی سوپای تورکیا بە چڕی تۆپبارانی بارەگاکانی  پەیەدەیان لە عەفرین کرد.


ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە لەساتی پەیامەکەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی شەشەمین کۆنگرەی ئاسایی لقی ئاک پارتی لە شاری ئەلعەزیز لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی "رێکخراوی تیرۆریستی" لە سووریا، یەکە تۆپھاوێژەکانی سوپای تورکیا ھێرشیان کردە سەر بارەگاکانی پەیەدە لە عەفرین.

ئەردۆغان لە وتارەکەیدا رایگەیاند "بە ئۆپەراسیۆنی ئیدلب باڵی رۆژئاوای ئەو رێڕەوە دەڕوخێنین، با ئەوەش بزانن کە ئەگەر تیرۆریستانی عەفرین خۆیان رادەست نەکەن، ئەوێیان بەسەردا دەڕوخێنین".

بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئیدلب دەستی کەوتووە، یەکە تۆپھاوێژەکانی تورکیا لە شارۆچکەکانی رەیحانلی و کرکخانی شاری ھەتای و خاڵەکانی ناوچەکانی داماڵدراو لە پێکدادان لە ئیدلب، بارەگاکانی پەیەدەی لە عەفرین تۆپباران کرد.

یەکەکانی سوپای تورکیا لەکاتی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستی بە ھێرشەکان کرد کە بە لانیکەم ٣٦ جار تۆپبارانی ناوچەکانی باسوفان، جیندەرەس، دێر بەلت و راجۆ سەر بە عەفرینیان کرد.



PM:06:38:13/01/2018