دادگایه‌كی ئه‌ڵمانى سزاى كۆتایی بۆ ژنێكى سوورى و كچه‌كه‌ى و خۆشه‌ویستى كچه‌كه‌ى ده‌ركرد، كه به‌یه‌كه‌وه وه‌رگێڕێكی كوردى ڕۆژئاواى كوردستانیان سه‌ربڕییه‌وه و دواى تاوانه‌كه‌ش جه‌سته‌یان پارچه پارچه‌كرد.
دادگایه‌ك له شارى لایبزیگ له ئه‌ڵمانیا، سزاى بۆ سێ تاوانبار ده‌ركرد كه سزاكان له‌نێوان زیندانیكردنى هه‌تاهه‌تایی بۆ نۆ ساڵ و نیو، زیندانیكردنن.
به‌پێی هه‌واڵێكى ڕۆژنامه‌ى "بیڵد"ى ئه‌ڵمانی، دایكێك و كچه‌كه‌ى و خۆشه‌ویستى كچه‌كه‌ى، پێش دوو ساڵ وه‌رگێڕێكى كوردى سووریا‌ن به‌ناوى (فه‌رهاد. س/ ته‌مه‌ن 30 ساڵ) كه له نووسینگه‌ى فیدڕاڵى بۆ كۆچ و په‌نابه‌ران كارى ده‌كرد، سه‌ربڕی ، دواى كوشتنى وه‌رگێڕه‌كه‌ش، جه‌سته‌یان پارچه پارچه كردووه.
تاوانه‌كه بۆ مانگى تشرینی دووه‌مى 2015 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك كچێكى سوورى به‌ناوى (سانتا مارییا/ ته‌مه‌ن 16 ساڵ- ئه‌وكات) بانگهێشتى وه‌رگێڕه‌كه بۆ ماڵه‌وه‌ى خۆیان ده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دایكی به‌ناوى (ئینتیسار/ 38 ساڵ) و خۆشه‌ویسته‌كه‌ى (محه‌مه‌د . ئـ / ته‌مه‌ن 21 ساڵ) پلانیان دانابوو بیكوژن و ده‌ست به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله وه‌رزشییه گرانبه‌هاكه‌یدا بگرن، هه‌روه‌ها ته‌واوى پاره‌كانى له بانك ڕابكێشن، كه نزیكه‌ى 10 هه‌زار و 500 یۆرۆ بووه.
وه‌رگێڕه‌كه نووسینگه‌ى وه‌رگێڕانى بووه و له‌كاتى كارى وه‌رگێڕیدا، كچه‌كه‌ى ناسیوه و كه‌وتووه‌ته خۆشه‌ویستییه‌وه، هه‌رچه‌نده كچه‌كه له په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستیدا بووه له‌گه‌ڵ تاوانبارى سێیه‌مى تاوانه‌كه.
له‌سه‌ره‌تاى دادگاییه‌كه‌دا، كێشه‌ى دیارنه‌بوونى ته‌رمى قوربانییه‌كه ڕووبه‌ڕووى پۆلیس بووه‌ته‌وه، به‌ڵام دواى نزیكه‌ى پێنج مانگ له ئادارى 2016 توانرا ته‌رمه‌كه‌ى له‌یه‌كێك له دارستانه‌كاندا به پارچه پارچه‌كراوه‌یی، بدۆزرێته‌وه.
به‌پێی توێكاریی پزیشكى دادوه‌رى، نزیكه‌ى 40 چه‌قۆ له‌هه‌موو جه‌سته‌ى قوربانییه‌كه دراوه، چونكه به‌یه‌كه‌م لێدان نه‌یانتوانیوه بیكوژن.
پۆلیسی ئه‌ڵمانى توانییان له‌ڕێگه‌ى زانیارییه‌كانى براى قوربانییه‌كه‌وه به تاوانباران بگه‌ن، كه به ماڵپه‌رى (بیڵد)ى ڕاگه‌یاندبوو، براكه‌ى هه‌موو ڕۆژێك په‌یوه‌ندی به‌دایكییه‌وه ده‌كرد، بۆیه دواى بڕینی په‌یوه‌ندییه‌كانى، گومانى له‌لادروست بووه.
هه‌روه‌ها پۆلیس توانیویه‌تی ئه‌وه‌ش ئاشكرا بكات، كه له نزیك شوێنى شاردنه‌وه‌ى ته‌رمه‌كه، مۆبایلی هه‌رسێ تاوانبار له ڕۆژى شاردنه‌وه‌ى ته‌رمه‌كه، كاریان كردووه.
دواتر له‌ڕێگه‌ى نامه‌كانى واتس ئاپى نێو مۆبایلى كچه‌كه‌وه، توانییان ئه‌وه ئاشكرا بكه‌ن، كه (سانتا مارییا) ده‌ستى له‌كوشتنى گه‌نجه وه‌رگێڕه كورده‌كه هه‌یه.