حزبەکەی مالیکی و عەبادی لە هەڵبژاردن کشایەوە

حزبی دەعوەی ئیسلامی، بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق ناكات و سەركردە و ئەندامەكانیشی سەرپشك كرد بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییە جیاجیاكان.


میدیاكانی عیراق بڵاویانکردەوە ئێوارەی ئەمڕۆ 13ی كانونی دووەمی 2018، سەركردایەتی حزبی دەعوە، دوای ئەوەی نەیتوانی كێشەكانی نێوان مالیكی و عەبادی چارەسەر بكات، بڕیاریدا وەك حزبی دەعوە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا نەكات.

هاوکات ئەو حزبە کە هەردوو سەرکردەی دیاری عێراق مالیکی و عەبادی لەخۆدەگرێت سەركردە و ئەندامەكانی سەرپشككردووە لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان بەناوی خۆیان و لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییە جیاجیاكان.

ئەو بڕیارەی حزبی دەعوە دوای شكستهێنان دێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان نوری مالیكی ئەمینداری گشتی حزبەكەو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بۆئەوەی بە لیستێكی هاوبەش بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا بكەن، بەو هۆیەشەوە هەردوولا بڕیاریاندا بە دوو لیستی جیاو لەچوارچێوەی دوو هاوپەیمانێتی جیادا بەشداری لە هەڵبژاردندا بكەن.



PM:08:57:13/01/2018