یەکێتی کۆبونەوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەنجام دەدات

وابڕیارە 17ی ئەم مانگە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەسەرپەرشتی کۆسرەت ڕەسوڵ کۆبێتەوە و بەگوێرەی زانیاریەکان "بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ڕۆژى کۆنگرە دەدرێت".


میدیای پارتی لەزاری سەرچاوەیەکی باڵاوە بڵاویکردەوە کۆبوونەوەی ئەمجارەی سەرکردایەتی یەکێتیی تایبەتە بەبەستنی کۆنگرەی ئەو حزبە و لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەدا جگە لە ئامادەکاری بۆ ڕۆژی کۆنگرە گفتوگۆ لەبارەی ھیچ پرسێكى دیکەوە ناکرێت.

ھەر بەپێی زانیاریەکان، یەکێتیی نیشتمانی كوردستان دەیەوێت لەو کۆبوونەوەدا بەپەلە بڕیار لەسەر ڕۆژی کۆنگرە بدات، بۆ ئەوەی پێش ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی عێراق، یەکێتیی کۆنگرەی چوارم ببەستێت.

پێشتر مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیاند "یەکێتیی ماوەیەکی دیکە کۆنگرەی چوارەم دەبەستێت، کە یان کۆنگرە دەبێتە ھۆی لەتلەت بوونی یەکێتی، یان درووستبوونەوەی یەکێتی".



PM:09:21:14/01/2018