ئەمریکا هێزێکی ئەمنی بۆ کورد دروست دەکات

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگەیاند بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكراتدا، هێزێكی ئەمنی دروست دەكات كە ئەركیان پاراستنی سنوورەکانە.


هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كە لەلایەن ئەمریكاوە سەرپەرشتی دەكرێت ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند هێزەكە 30 هەزار شەڕڤان لەخۆدەگرێت و لەژێر فەرمانی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا كاردەكات.

زۆربەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل و یەكینەكانی پاراستنی ژن پێكهاتوون.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی روونیشیكردەوە ئێستا سەرقاڵی مەشقكردنن بە نزیكەی 230 شەڕڤان، بەڵام ئامانجی كۆتاییان بریتییە لە پێكهێنانی هێزێكی 30 هەزار كەسی.

ئاماژەشیدا بەوەی ئەو هێزانە لە ناوچە سنوورییەكانی سوریایە لەگەڵ توركیا و عێراق، هەروەها لە نزیك دۆڵی روویاری فورات و بەدرێژایی ئەو ناوچانەی رۆژئاوای سوریا جێگیر دەكرێن كە ئێستا لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە كۆنترۆڵ كراوە.

ئەم هەنگاوەی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوكات لەگەڵ نیگەرانی و هەڕەشەکانی توركیا و لەدوایین لێدوانیشیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش هەڕەشەی داگیركردنی شاری عەفرین دەكات و ڕایگەیاندووە "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنی عەفرین دەستپێدەکەین". 



PM:09:45:14/01/2018