یەکەم کاردانەوەی تورکیا دوابڕیاری پێکهێنانی هێزێکی 30 هەزار چەکداری بۆ کورد لەلایەن ئەمریکاوە

توركیا لە یەکەم کاردانەوەیدا بڕیارەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پێكهێنانی هێزێكی كوردی ئیدانە دەکات و دەڵێت "دژیان دەجەنگین".


ئیبراهیم كالن، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا رایگەیاند لەبری ئەوەی ئەمریكا لەسەر خواستی توركیا دژ بە پارتی یەكێتی دیموكرات بوەستێتەوە، هەنگاوێك دەنێت كە نیگەرانی لێدەكەوێتەوەو شەرعییەت دەدات بەوەی ئەو رێكخراوە بە هەمیشەیی لەناوچەكەدا بمێنێتەوە.

كالن بڕیارەكەی ئەمریكای بۆ دروستكردنی هێزێكی 30 هەزار چەكداریی لە سوریای دیموكرات بەكارێكی قبوڵ نەكراو وەسفكردو جەختیشیكردەوە لەوەی توركیا بەردەوام دەبێت لە جەنگان دژ بە هەر رێكخراوێكی "تیرۆریستی" لەناوەوەو دەرەوەی توركیا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناو و پێكهاتەكەی.

ئەمڕۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا رایگەیاند هێزێكی ئەمنی لە هێزەكانی سوریای دیموكرات دروست دەكەن كە ژمارەیان دەگاتە 30 هەزار شەڕڤان و دواتریش لە ناوچە سنوورییەكانی سوریایە لەگەڵ توركیا و عێراق، هەروەها لە نزیك دۆڵی روویاری فورات و بەدرێژایی ئەو ناوچانەی رۆژئاوای سوریا جێگیر دەكرێن كە ئێستا لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە كۆنترۆڵ كراون.



PM:10:45:14/01/2018