شاسوار عەبدولواحید: پارتی نەوتی کەرکوکی لەدەست نەماوە بۆیە ئیشی بە کەرکوک نەماوە

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، سەبارەت بە بایکۆتى هەڵبژاردنەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن پارتییەوە، دەڵێت "پارتی دەزانێت ناتوانیت تەواوی هێزە کوردییەکان لە ژیر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە و خۆی سەرکردایەتیان بکات و دواتر لە بەغداد دەستکەوت و پۆست وەربگرێت، بۆیە بڕیای کشانەوەی دا.


هەر لەو وتارەیدا کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، شاسوار عەبدولواحید نوسیوێتی، کشانەوەی پارتی لە کەرکوک و بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، دوو هۆکاری سەرەکی هەیە  یەکەم، پێشتر لە کەرکوک رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنرا و پارتی بە ئارەزوی خۆی دەیفرۆشت، بەڵام لە ئیستا نەوتی کەرکوک لە دەست پارتی نەماوە، بۆیە پارتی هیچ ئیشێکی بە کەرکوک نەماوە و گرنگ نییە بە لایەوە کێ دەنگ دەهێنێت.

شاسوار عەبدولواحید هۆکاری دووەمیش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، پارتی لە ئێستادا هیچ هەژمون و دەسەڵاتێکی نەماوە بەسەر ناوچە دابرێندراوەکان، بۆیە توانای تەزویری لەو ناوچانەدا نەماوە و ترسی دەرکەوتنی حەجمی راستەقینەی خۆی هەیە.

ئەمرۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کرد لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و داواشی لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە کردووە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن.



PM:08:57:15/01/2018