سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ حکومەتی عێراق ئاشکرادەکات

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەفدی حکومەتی عێراق و هەرێم، گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر شایستە داراییەکانی هەرێم کراوە.


ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێت "لە کۆبوونەوەکە بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئابووری لە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ بەشدارییان کردووە و هەردوولا لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان هەبووە لەسەر تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە و بڕیاردرا شاندی حکومەتی فیدڕاڵی داواکارییەکانی هەرێم بەرزبکاتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ".

هەر بە ووتەی ئامانج ڕەحیم، "لە دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییە ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی هەردوولایە، کە دەستپێکێکی باشە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان".

ئەمڕۆ شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی مەهدی عەلاق ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەشاری هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە تاوتوێی پرسی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و بەڕێوەبردنی خاڵە سنورییەکان و دۆسێی نەوتیان کرد و ڕایانگەیاند لێکتێگەشتنی باش هەیە لەنێوانیان.



PM:11:00:15/01/2018