" قبوڵکردنی دەستلەکاركێشانەوەی داواکاری گشتی سلێمانی سیاسییە "

قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی بەختیار عەلی حەمەین داواکاری گشتی سلێمانی کە ساڵێکە داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە، پرسێکی سیاسیەو بەرپرسانی یەکێتی لەناو حکومەتدا لە پشت قبوڵکردنی ئەو بڕیارەوەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی بەختیار عەلی حەمە ئەمین داواکاری گشتی کە ساڵێکە داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە، پرسێکی سیاسیەو قبوڵکردنی لەم کاتەدا پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردووی ناوچەکانی سلێمانیەوە هەیە".

بەختیار عەلی حەمە ئەمین، داواکاری گشتی سلێمانی لە رۆژی ١٥ی ١ی ٢٠١٧ دا نوسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دادی هەرێم کردووە و تیایدا داوای کردووە، بیبەخشن لە پۆستی سەرۆکی داواکاری گشتی سلێمانی. 

داواکاری گشتی سلێمانی هۆکارەکانی بەخشینی لە پۆستەکەی بۆ چەند خاڵێک گەراندووەتەوە کە دیارترینیان بریتین لە:
یەکەم: سەروەرنەبوونی یاسا لە هەرێمی کوردستان و تێکچوونی رەوتی کارگێری و دارایی لە فەرمانگەکان و پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەرانی فەرمانگەکەیان بەگشتی .

دووەم: بەئەنجام نەگەیشتنی ئەو سکاڵایانەی کە فەرمانگەکەیان جوڵاندوویەتی لە کەیسەکانی گەندەڵی و تاواندا.

سێیەم: بوونی هەزاران فەرمانبەری خانەنشینکراوی بن دیوار و قۆرخکردنی سەرجەم کارە بازرگانییەکان لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە بە نارەوایی.

داواکاری گشتی سلێمانی لە نوسراوەکەدا باسی لەوەشکردووە، بەهۆی جوڵاندنی چەند دۆسیەیەکەوە لەسەر بەرپرسانی باڵای حکومی حزبییەوە هەوڵی لابردنی دراوە لە پۆستی داواکاری گشتی سلێمانی.

بەختیار عەلی حەمە ئەمین داواکاری گشتی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای خۆپیشاندانەکانی ١٨ی ١٢ی ٢٠١٧وە بە شێوەیەکی فراوان هێزەکانی ئاسایش کەوتونەتە دەستگیرکردنی هاوڵاتیان و حجزکردنی نایاسایی  و ئەویش وەک ئەرکی یاسایی خۆی سکاڵای جوڵاندووە، و داوای کردووە ریکاری یاسایی دژی ئەنجامدەرانی سەرپێچی و تاوانەکان بگیرێتە بەر، ئەوەش وایکردووە فشارەکان چرتر بکرێتەوە و دواجار رەزامەندی نیشاندرا لەسەر ئەو داواکارییەی لە١٥ ی یەکی ساڵی ٢٠١٧ دا پێشکەشی وەزارەتی دادی کردووە.

بەختیار عەلی حەمە ئەمین لە نوسراوێکی دیکەدا باسی لەوەکردووە لە کاتی کارکردنیدا  لە ماوەی دوو ساڵ و یانزە مانگدا لەبواری پرسی بندیوار سکاڵایان لەسەر نزیکەی ٤ هەزار کەس جوڵاندووە و سکاڵا لە زیاتر لە ٣٠٠ کەس کراوە و لە بواری نەوتدا ١٥ سکاڵاشیان جوڵاندووە و دەیان سکاڵای تریان لەسەر زیادەرۆیی جوڵاندووە.

دیارترینی سکاڵاکان کە لەلایەن بەختیار عەلی حەمە ئەمینی سەرۆکی داواکاری گشتی سلێمانییەوە جوڵێننراون بریتین لە:

یەکەم: بەهۆی دیارنەمانی ٥ ملیار  و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت لە ساڵی ٢٠١٤ سکاڵای سزایی جوڵاندووە.

دووەم: سکاڵای لە دژی دوو بەرپرس جوڵاندووە کە مانگانە ٢٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت بۆ خۆیان دەبەن.

سێیەم: جوڵاندنی سکاڵای یاسایی لە دژی رێگری کردن لە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێر.

ئەوەش لەکاتێکدایە لەکاتی درێژکردنەوەی ماوەی داخستنی ئێن ئار تی لە ٢٥ ی مانگی رابردوودا سەرۆکی پێشووی داواکاری گشتی سلێمانی رایگەیاند، درێژکردنەوەی ماوەی داخستنی ئێن ئار تی نایاساییە.



PM:10:24:16/01/2018