فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەڵوێست وەردەگرن

فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی لابردنی سەرۆكی داواكاری گشتیی سلێمانی هاتە دەنگ و یاداشتێک ئاڕاستە ڕای گشتی و باڵیۆزو كونسوڵەكان دەکات.


لە یاداشتەکەدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە هاتووە "گومانی تێدا نییە كە هۆكاری وەزیفی لادانی بەڕێزیان لەژێر هەر پاساوێكدا بێت، هیچ لەو راستییە كەمناكاتەوە كە حاكم بەختیار لەماوەی رابوردودا لەسنوری دەسەڵاتەكەیدا داكۆكی لەبەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان كردووە".

دەقی یاداشتەکە:

یاداشتێك لە:
"فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی"ەوە
بۆ:
- رای گشتی هەرێمی كوردستان
- رێكخراوە بیانی و نێودەوڵەتییەكان
- باڵیۆزو كونسوڵەكان لەعێراق و هەرێمی كوردستان

                     لادان‌و دوورخستنەوەی سەرۆكی داواكاری گشتی سلێمانی،
                                       مامەڵەیەكی سیاسییە نەك یاسایی !

لەماوەی حەوت سێ ساڵی رابورودا سەرۆكی داواكاری گشتیی سلێمانی یان دەستیلەكاركێشاوەتەوە یاخود لەسەر پۆستەكەی لادراوە، كە دواترینیان لادانی بەڕێز حاكم بەختیار عەلی محمد ئەمین سەرۆكی داواكاری گشتی سلێمانییە. گومانی تێدا نییە كە هۆكاری وەزیفی لادانی بەڕێزیان لەژێر هەر پاساوێكدا بێت، هیچ لەو راستییە كەمناكاتەوە كە حاكم بەختیار لەماوەی رابوردودا لەسنوری دەسەڵاتەكەیدا داكۆكی لەبەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان كردووەو رێگەی بە هەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵی‌و پێشێلكاری ئازادییەكان نەداوەو سكاڵای سزایی لەسەر جوڵاندوون.

دوو ساڵ لەمەوبەرو لەرۆژی 7/1/2015دا، بەڕێز حاكم فەرهاد سەرۆكی داواكاری گشتی سلێمانی، لەئاكامی ئەو هەموو رێگری‌و بەربەستانەی بەرپرسانی حزبی‌و حكومی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی راگەیاندو لەنامەیەكی 3 لاپەڕەییدا، بە ڕوونی دەستی خستە سەر گەندەڵی‌و پێشێلكارییەكان لەكایەی گشتیداو ئەو ڕێگرییە گەورانەشی خستەڕوو كە بوونەتە كۆسپ لەبەردەم دەسەڵاتەكانی داواكاری گشتی لە بەدیهێنانی دادوەری و پاراستنی ماڵی گشتی و بە دادگایی گەیاندنی گەندەڵكاران‌و تاوانباران.

ئێمە وەك "فیدراسۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی"، لەمیانەی بەدواداچوونمان بۆ ئەو دەیان كەیسەی سەرۆكی داواكاری گشتی سلێمانی لەماوەی رابوردودا دژ بە گەندەڵی‌و داكۆكیكردن لەئازادی رادەربڕین جووڵاندوونی، ئەوەمان بۆ دەركەوتووە كە بەڕێزیان نەك هەر نەچۆتە ژێر باری ئەو پێشێلكارییانەی دژ بە مافی خۆپیشاندەران ئەنجامدراوە، بەڵكو زۆر راشكاوانە لەهەوڵی گەڕاندنەوەی مافدا بووە بۆ خاوەنەكانی، كە ئەمەش مومارەسەكردنی ئەو ئەركە راستەقینەیەیە كە پێویستە دەزگای داواكاری گشتی ئەنجامیبدات.

هەربۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین كە ئەو هۆكارانەی بوونەتەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی هەر 3 سەرۆكەكەی ئێستاو رابوردوی داواكاری گشتیی سلێمانی، هەر هەمان ئەو هۆكارانەن كەپەیوەندی راستەوخۆیان بەتاڵانكردنی موڵك‌و ماڵی گشتی‌و بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین‌و دانانی بەربەستەوە هەیە لەبەردەمیان، بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێكردن لەبری ئەوەی پاڵپشتی یەكلاكردنەوەی ئەو سكاڵاو كەیسانە بكات كە ئەم بەڕێزانە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا جووڵاندویانە، خودی دەسەڵاتی جێبەجێكردن سزای ئەو بكەرانە دەدات كە داكۆكی لەماف‌و بەرژەوەندی گشتی دەكەن، ئەمەش بەو مانایە دێت كە لادانی سەرۆكی داواكاری گشتیی سلێمانی لەپۆستەكەی پرس‌و مامەڵەیەكی سیاسییە نەك یاسایی، كە دیارە ئەمەش بە پێشێلكارییەكی تر ئەژماردەكرێت لەبەرامبەر لوتكەی دەسەڵاتی داواكاری گشتی لەپارێزگای سلێمانی.

بەڵێ بۆ سەروەری یاساو دەوڵەتی دامەزراوەیی.. نا بۆ پێشێلكاری‌و گەندەڵی..!

فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی
 16/1/2018



PM:06:48:17/01/2018