عەبادی بێئاگایی خۆی لە نوسراوێکی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی مووچەوە دەردەبڕێت

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، رەتیدەكاتەوە پێدانی موچەی فەرمانبەران پەیوەست كرابێت بە دەركردنی كارتی دەنگدان، بێئاگایی خۆشی لەبارەی نوسراوێکی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران لەوبارەیەوە دەردەبڕێت.


نوسینگەی تایبەتی حەیدەر عەبادی، لە راگەیاندراوێكدا، بێئاگایی لەو نوسراوە نیشانداوە كە ئەمڕۆ 17ی 1ی 2018 بە واژۆی مەهدی عەلاق ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە لەبارەی راگرتنی موچەی ئەو فەرمانبەرانەی كە كارتی دەنگدانیان دەرنەكردووە.

راگەیاندراوەكە لەسەر زاری سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە بڵاویكردۆتەوە "جەختكردنەوەمان لەسەر پێویستی دەركردنی كارتی دەنگدان لەلایەن هاوڵاتییانەوە، هیچ پەیوەندییەكی بە پێدانی موچەی فەرمانبەرانەوە نییەو بڕیاریش دراوە لێكۆڵینەوەی بەپەلە لە هۆكاری دەركردنی نوسراوەكەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت، كە بە پێچەوانەی رێنماییەكانی سەرۆك وەزیرانەوە دەرچووە".

نوسینگەی عەبادی ئاشكراشیكردووە، پێدانی موچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت و هیچ پەیوەندییەكیشی بە دەركردنی كارتی دەنگدانەوە نییە. 



PM:07:19:17/01/2018