عەبدولەتیفی سەلەفی لە ڕابەرێتی سەلەفیەکان دوور دەخرێتەوە

ناكۆكی دەكەوێتە نێوان سەلەفییەكانی سنووری هەولێر و سلێمانی و بەهۆیەوە عەبدولەتیف سەلەفی ڕابەریان لەو ئەركە دوور دەخرێتەوە و كەسێكی تری ئەو گرووپە لە سنووری هەولێر خۆی كردووەتە ڕابەریان.


هه‌فته‌نامه‌ى "ئاژانس" لە سەرچاوەیەكی بەرپرسی نێو سەلەفییەكانەوە بڵاویکردۆتەوە "وازهێنانی عەبدولەتیف سەلەفی بەهۆی هێنانی ژنی سێیەم و نزیكبوونەوە بووە لە بنەماڵەی مەسعود بارزانی و خیتابەكانی بە ئاڕاستەی دەسەڵاتی پارتی".

یەکێک لە پەیڕەوانی ڕەوتی سەلەفی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە "هەرچەندە پێغەمبەر بە ڕابەری خۆمان دەزانین بەڵام لەمەودوا ئەبوو حارس ڕابەرایەتیی سەلەفییەكان ده‌کات كە لە هەولێر نیشتەجێیە".

دانا عەزیز، مامۆستای ئایینیی سەلەفی لە كەركوك دەڵێت "مامۆستا عەبدولەتیف هیچ كات نەیوتووە من ڕابەری سەلەفییەكانم، ئەگەرچی لێرە و لەوێ باس كرابێت، هیچ سەلەفییەك عەبدولەتیف بە ڕابەری خۆی نازانێت، چونكە گرووپ‌ و حزبێك نییە‌ و ڕێكخستنی هەبێت تا ڕابەری هەبێت".

هه‌فته‌نامه‌کە نوسیویەتی "ئەبوو حارس كە بڕیارە بكرێتە ڕێبەری نوێی سەلەفییەكان خاوەنی كەناڵی ئامۆژگاری و چەندین چاپخانەیە و بە یەكێك لە خاوەن سەرچاوەی دارایی ئەو گرووپە دادەنرێت".



PM:08:51:17/01/2018