ئەمریکا: دواخستنی هەڵبژاردنەکان پاشخانێکی مەترسیداری هەیە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بە توندی پشتیوانی دەکات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا. و ڕایدەگەیەنێت "دواخستنی هەڵبژاردنەکان پاشخانێکی مەترسیدارە".


باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق جگە لەوەی پشتیوانی لە هەڵبژاردنەکان لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا دەکات، پێی وایە کە دواخستنی پاشخانێکی مەترسیدارە و زیان بە دەستور و گەشەکردنی دیموکراسی دەگەیەنێت.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا هاوکاری دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە دەنگی هەموو عێراقییەکان دەبیسترێت تەنانەت ئەو دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسەش کە ئاوارە بوون.

ئەوەشی وتووە، ئەمریکا پشتگیریکردنی دامەزاروە دیموکراسییەکانی عێراق بە یەکێک لە کارە گرنگەکانی دەزانێت و ڕاشیگەیاند، بە تاقیکردنەوەی مافە دەستورییەکانیان بۆ دەنگدان، عێراقییەکان بەشداریی خۆیان لە حکومڕانی وڵاتەدا لەڕێگەی پرۆسەیەکی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی دەسەلمێنن.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە ئێستادا پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەدایە و دەیەوێت بەنهێنی دەنگ لەسەر دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکان بدات و لەناو دانیشتنەکەشدا پشێوی دروستبووە.



PM:03:28:18/01/2018