مەحمود سەنگاوی لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن کار بۆ دژایەتی گەندەڵی دەکەن

مەحمود سەنگاوی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە وێنەیەکدا لەگەڵ هەریەک لە عەلی حەمەساڵح و سۆران عومەر دانیشتوون کۆمەڵێک دۆسیەیان لەبەردەمدایە.

مەحمود سەنگاوی لە هەژمارەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وێنەیەکی خۆی و عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان و سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵ بڵاوکردۆتەوەو لە ژێر وێنەکاندا نووسیوویەتی " ئەو ڕۆژانە هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بوو بە ووتەکانمان فشارێک لەسەر حوکومەت دروست بکەین بۆ چاکسازی بە مەبەستی ئەوەی نەگەین بە ئەم ڕۆژەی کە تێیداین، ئەم دوو پەرلەمانتارە بەڕێزە هەڤاڵان (سۆران عومەر و عەلی حەمە صاڵح) مەلەفی گەندەڵی و بە هەداردانی داهاتی حوکومەتیان بۆ هێنام، بەندەش بۆ ڕۆژی دواتر لە مەراسیمی کردنەوەی بارەگای پێشمەرگە دێرینەکانی شاری هەڵەبجەدا قسەم لەسەر کرد".

مەحمود سەنگاوی لە کۆتایی پۆستەکەیدا نووسیوویەتی " بەڵام بەداخەوە نەک گوێ لەو قسانەمان نەگیرا، بەڵکوو قسەکانیان بە ناڕاست لە قەڵەم داین".

مەحمود سەنگاوی پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی و چەندان پۆستی لەنێو ئەو حیزبەدا وەرگرتووە، لەوانە تا کۆتایی ٢٠١٧ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووە، ئێستاش بەرپرسی میحوەری هێزی پێشمەرگەیە لەناوچەی گەرمەسێر.

سەنگاوی دوو ساڵ لەمەوبەر تۆمەتبار کرا بەوەی دەستی لە تیرۆر کردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانیدا هەیە، بەڵام پاش دەستگیرکردنی بۆ ماوەیەک دادگا ئازادی کرد.



PM:10:59:18/01/2018