تورکیا هێرشی بۆ سەر عەفرین دەستپێکرد

كه‌مێك لەمەوبەر له‌ سایتى فه‌رمى "بى بى سى" به‌ڕیتانى بڵاوبووەوە کە سوپا سالارى توركیا ڕایگەیاندووە ئۆپه‌راسیۆنى سه‌ر عه‌فرین ده‌ست پێكرد.


تۆڕی‌ هه‌واڵی‌  فه‌رمى "بی‌ بی‌ سی‌"، هه‌واڵه‌كه‌ى به‌په‌له‌ له‌زاری‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ توركیاوه‌ ڕایگه‌یاندووه‌، كه‌ هێرشی‌ سوپای‌ توركیا له‌رێگه‌ی‌ تۆپبارانه‌وه‌ بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌ستیپێكرد.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 19ى كانوونى دووه‌م، وەزیری بەرگری توركیا، له‌ به‌یانامه‌یه‌كى فه‌رمیدا له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕاگه‌یاند "ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە عەفرین ئەنجامدەدەین، هیچ بژاردەیەكی دیكەمان نیە".

هاوکات کەمێک لەمەوبەر "سپی میدیا" لەزاری سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بڵاویکردەوە ئەمڕۆ ڕوسیا هێزەکانی لە سنوری عەفرین کشاندۆتەوە و ئەوەش وەک ئاماژەیەکە بۆ ڕێگەپێدان بە تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین.

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کشانەوەی هێزەکانی ڕوسیا بەمانای کردنەوەی کایەی ئاسمانی عەفرینە بۆ تورکیا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی سوریادایە و بەوجۆرەش ڕێگە بۆ تورکیا خۆشدەکات تا لە ڕێگەی ئاسمانی و زەمینیەوە هێرش بکەنە سەر ئەو شارە کوردیە.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکرد کە پێدەچێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا تورکیا هێرش بکاتە سەر ئەو شارە کوردیە کە ماوەیەکە هەڕەشەی داگیرکردنی دەکات.

عەفرین، شارێکی ڕۆژئاوای کوردستانە، کەوتووەتە پارێزگای حەلەب، ئەم شارە لە سنووری باکوری ڕۆژئاوای وڵاتی سووریا و لە ناوچەیەکی کوێستانی بەناوی کرمانج هەڵکەوتووە و 366 گوندی لە پانتایی 2.033 کم لەخۆ گرتووە، ژمارەی دانیشتووانی زیاتره‌ لە 80 هەزار کەس، ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی عەفرین زیاتره‌ لە 460 هەزار کەسە، کە لە 7 ناوچەدا جێگیر بوونه‌.



PM:03:51:19/01/2018