لەسەر هەڵبژاردنەکان
کورد دوو رایە لەپەرلەمانی عێراق

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان دواکەوت بۆ رۆژی دوو شەممە، تا ئێستا لەسەر ئەو پرسە کورد دوو رایە.

کاوە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی گۆڕان بە سپی راگەیاند" ئێمەو کۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا نین، بەڵام پارتی و یەکێتی لەگەڵ دواخستنیدان".

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو هەڵوێستەی ئەوان لەوەوە هاتووە کە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پرسێکی نا دەستوریەو لەگەڵ دەستوری عێراقدا ناگونجێت، سازدانیشی لە کاتی خۆیدا پرسێکی دیموکراسیەو بۆیە ئێمە داکۆکی لێدەکەین کە لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت".

ئەو وتی " بەپێی دەستور دەبێت ٤٥ رۆژ پێش تەواوبوونی وادەی پەرلەمان هەڵبژاردن لە عێراقدا ئەنجام بدرێت و ١٢ ئایاریش کە دانراوە بۆ ئەو وادەیە لە جێگای خۆیدایە".

کاوە محەمەد وتیشی" سبەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکان و بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ عێراق کۆدەبنەوە، رەنگە تا کۆبوونەوەی داهاتوو کە دوو شەممە دەکات ئەو وەڵامەی دادگای فیدراڵیش بگەڕێتەوە کە سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاراستەی ئەو دادگا باڵایەی کردووە تا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات.

پارتی و یەکێتی وەک لە لێدوانەکانیاندا ئاشکرای دەکەن ئەوان لەگەڵ دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردندان، بەو پێیەی ناوچە جێناکۆکەکان بە بارێکی نا ئاساییدا تێپەڕدەبن کە لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی پارەوە لەو ناوچانەدا هاتۆتە ئاراوەو بەو بارودۆخەوە کورد زەرەر دەکات و دەنگەکانی کەم دەکات.

ئاماژەکان بە دووری نازانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٢ ئایاری ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پارێزگاکان دوا بکەوێت.
   



PM:03:41:20/01/2018