وەزارەتی دەرەوەی سوریا هێرشەكانی توركیای بۆ سەر عەفرین ئیدانەكرد و داواش لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكات كار بۆ راگرتنی بكەن.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەیەكدا بانگەشەكانی حکومەتی توركیا رەتكردەوە كە رایگەیاندبوو حكومەتی دیمەشقیان لە هێرشكردنە سەر عەفرین ئاگادار كردۆتەوە و رایگەیاند "سوریا سەرلەبەری بانگەشەكانی توركیا رەتدەكاتەوە دەرباریە ئاگاداركردنەوەی لەو ئۆپراسیۆنە سەربازییە".
وتیشی، بانگەشەكەی توركیا "بەشێكە لەو زنجیرە درۆیانەی رژێمی توركیا لەسەری راهاتووە".
وەزارەتی دەرەوەی سوریا راشیگەیاند "دوژمنكارییەكەی توركیا بۆ سەر عەفرین ئیدانە دەكەن و داواشی لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی كرد ئەو پەلامارانە ئیدانە بكەن و رێوشوێنی خێراش بۆ راگرتنیان بگرنەبەر".
ئێوارەی ئەمڕۆ حکومەتی توركیا ئەوەی ڕاگەیاند كە بە نووسراو حكومەتی دیمەشقی لە ئەنجامدانی هێرشەكانی سوپای وڵاتەكەی بۆ سەر عەفرین ئاگاداركردۆتەوە.