بزوتنەوەی گۆڕان ئیدانەی لەشکرکێشی و پەلاماری سوپای تورکیا بۆسەرعەفرین دەکات و داوا دەکات دەستبەجێ ئەو هێرشانە رابگیرێن.
بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە، بێ دەنگبونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست لەو لەشکرکێشییە رەوایەتیدانە بە پێشلێکاری مافەکانی مرۆڤ و مافی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە.
هەروەها بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی تەواوی مافە رەواکانی هاوڵاتیانی کانتۆنی عەفرین ریزگرتن لە ماف و ئازادییەکانیان دەکات.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەکات هێرشەکان دەستبەجێ رابگیرێن و کێشەکان بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکرێن و جگە لەوەش پێویستە نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانی دژ بە داعش هەنگاوی کرداری بنێن بۆ بەرگەگرتن لەو هێرش و پەلامارانەی سوپای تورکیا، چونکە بێدەنگی لە ئاست ئەو روداوە رەوایەتیدانە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە.
هاوکات ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری، راگەیەندراوێکی لەسەر دۆخی عەفرین بڵاوکردەوەو رایدەگەیەنێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی کاریگەری خۆی ببینێت بەمەبەستی ھێنانەکایەی ئاشتی و ئارامی و پاراستنی خەلکی سیڤیلی عەفرین.
ھاوپەیمانی دەڵێت، داواکارن سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ژیرانەو دوور لە لۆژیکی ھێزی سەربازی بەزوویی چارەسەری دۆخەکە بکەن."پێویستە دەوڵەتی تورکیا لەشکرکێشی بۆ سەر عەفرین و ھیچ ناوچەیەکی دیکەی ڕۆژئاوا ئەنجام نەدات".
لەراگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "پێویستە تواناکان بۆ شەڕی داعش تەرخان بکرێت، نەک دژی شەڕڤانانی قارەمان کە پێشەنگی شەڕی داعشن. سەلماندن و ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کورد لەرۆژئاوا ڕاستەڕێی دابینکردنی ئارامی و ئاسایشە".