قایمقامیەتی سلێمانی هۆشداری دەدات

قائیمقامیەتی‌ سلێمانی‌ پەیامێك ئاراستەی‌ دایكان و باوكان دەكات و ڕایدەگەیەنێت "بڕێكی‌ زۆر خواردەمەنی‌ و خۆراكی‌ جۆری‌ منداڵانیان دەستبەسەرداگرتوەو لەناویش براون".

بەگوێرەی‌ ڕاگەیەنراوێك كە وێنەیەكی‌ بۆ "سپی میدیا" نێردراوە گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاندوە، "لەئەنجامی بەدواداچون و پشكنینە بەردەوامەكان و هەروەها پێدانی زانیاری لەلایەن هاوڵاتیانەوە، لیژنە هاوبەشەكان دەستیان بەسەر بڕێك خۆراك و مادەی بەسەرچودا گرت كە بەهۆی تێكچونی پێكهاتەكەیانەوە بەهای خۆراكیەكیان لەدەستداوە".

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی وتیشی‌ "بەشێكی زۆر لەو خۆراكانەی دەستی بەسەرداگیراوە پێكدێت لە(چپس، بسكیت، جەلیبۆند، قاوەو شەربەت) كە زیاتر منداڵ ئەمجۆرە خۆراكانە بەكاردەهێنێت و زیانی تەندروستی بۆ منداڵ بەبەراورد لەگەڵ كەسێكی پێگەیشتودا، چەند بەرامبەرە".

ئەوەشی‌ ڕونكردۆتەوە، "هەندێك خۆراك هەیە كە پێویستە لەشوێنی تایبەتدا عەمبار یان لەساردكەرەوە هەڵبگیرێن، بەپێچەوانەوە پێش واددەی بەسەرچونی بەها خۆراكیەكەی لەدەستدەدات و زیان بەتەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت".

هاوكات پەیامێكیشی‌ ئاراستەی‌ ئاراستەی‌ دایكان و باوكان كردوەو داوای لێكردون ئاگاداری خۆراكی منداڵەكانیان بن.



PM:01:16:21/01/2018