شەڕی ناوخۆیی لەنێوان ئەو گروپە چەکداریانەدا ڕوویدا کە هێرش دەکەنە سەر عەفرین

گروپەکانی سەربە تورکیا کە لەلایەن شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژەوە وەڵام دەدرێنەوە، لە ناو خۆیاندا شەڕ ڕوویدا.


ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوز لەزاری سەرچاوە خۆجێییەکان لە شاری عەزازەوە ڕاگەیاندووە، کە شەوی ڕابردوو لە ناوخۆی گرووپەکانی کە گرێدراوی تورکیان و هێرش دەکەنە سەر عەفرین شەر ڕوویداوە.

ئەو گروپانە کە بە هاوکاری سوپای تورک هێرشیان بۆ سەر عەفرینیان دەستپێکردووە، لە چەندین خاڵدا ڕووبەڕووی بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە بوونەوە و لە شەهبا ١٥ یان لێکوژرا،  پاش ئەو شکستانە لە ناوخۆیاندا شەڕ ڕوویدا.

سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە، کە ئەو گرووپانەی سوپای ئازاد دەڵێن "بۆچی سوپای تورک هێزەکانمان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا بەکاردەهێنێت و سەربازەکانی خۆی لە شەڕ و مەترسی دەپارێزێت، ئێمە لە پێشەوە شەڕ دەکەین و سەربازەکان لەناو ناوەندەکانیاندا لەسەر سنوور چا دەخۆنەوە".

ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان ڕاگەیاندووە، کە ئەگەری هەیە ناکۆکی لە ناوخۆی ئەو گرووپانە و سوپای تورکدا بەرفراوانترببێتەوە.



PM:04:49:23/01/2018