تورکیا لێدوانەکانی کۆشکی سپی ڕەت دەکاتەوە

 

تورکیا نیگەرانی لە خۆی لە لێدوانەکانی کۆشکی سپی لەبارە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەردۆغان و ترەمپەوە دەربڕی و دەڵێت "لێدوانەکە رەنگدانەوەی ناوەرۆکی وتووێژەکەی نێوان هەردوو سەرۆک نییە".


ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەتی تورکیاوە بڵاویکردەوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بە هیچ شێوەیەک ترەمپ دودڵی خۆی نیشاننەداوە سەبارەت بە زیادبوونی تووندوتیژییەکانی لە عەفرین.

سەرچاوەکان ئاماژەی بەوەکردووە، ترەمپ تەنها داوای کردووە، پێویستە سنورێک بۆ ماوەی ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا دابنرێت بۆسەر عەفرین.

بە وتەی ئەو سەرچاوە تورکییانە، ترەمپ بە سەرۆکی تورکیای ڕاگەیاندووە، چیتر وڵاتەکەی چەک نادات بە یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە، هاوکات ترەمپ ئاماژەی بەوەکردووە، رەخنە و گازندەکانی تورکیا لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووتە مایەی نیگەرانی واشنتۆن.

ئەوە لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیای هانداوە سنورێک بۆ هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دابنێت بۆسەر کانتۆنی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە کردووە و تورکیای هانداوە سنورێک بۆ ئۆپراسیۆنەکانی لە سوریا دابنێت و کەمی بکاتەوە.

داواشی لێکردووە، خۆی بەدوور بگرێت لە هەرکارێک کە ببێتە مایەی بەریەککەوتن لە نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و سوپای تورکیا.



PM:03:16:25/01/2018