سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند هەرێم رازی بووە هەموو نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بکات، پاش ماوەیەکی کەم نێچیرڤان بارزانی ئەو لێدوانەی مەکتەبی عەبادی رەتکردەوە.
نێچیرڤان بارزانی بە میدیای رووداوی راگەیاند " لە راگەیێندراوەکەی کۆبوونەوە لەگەڵ عەبادی هاتووە دوورە لەڕاستی و بەهیچ شێوەیەک باسی ئەو پرسانە نەکراوە".
سەرۆک وەزیرانی حکمومەتی هەرێم رایگەیاند " کۆمەڵێک کۆبوونەوەمان لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە ئەنجامدا ، کۆبوونەوەیەکی کورتمان هەبوو لەگەڵ جەنابی سەرۆک وەزیران عەبادی ، ئەمڕۆش کۆبوونەوەمان هەبوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، لەم دوو کۆبوونەوەیەدا کە دوو کۆبوونەوەی گرنگ بوون باسی ئەوکارانەمان کرد کە تاوەکو ئێستا کراون و ئەو کۆمیتانەی کە دامەزراون لە نێوان هەردوولا کە باسی فڕۆکەخانە و مووچە کراوە باسی بەنداوەکان کراوە ، ئێمە هەر لەو کۆبوونەوەیە بڕیارماندا کۆبوونەوەی دیکە بکەین بەتایبەتی لەسەر پرسی نەوت و رێککەوتین کە کۆبوونەوەیەک لە هەفتەی داهاتوو بکەین بۆ ئەوەی بگەین بە هەندێک چارەسەر".
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ، راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق جیاواز بوو ، هەروەها عەبادی رایگەیاندووە کە کوردستان هەموو نەوتی خۆی رادەستی بەغدا دەکات، لەوبارەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتی: "ئەوەی کە لە بەیاننامەکەی ئەواندا هاتووە لە راستیدا دوورە لەڕاستی ، ئێمە بەهێچ شێوەیەک ئەو شتانەمان باس نەکردووە و گلەییشمان کرد لەوان، کە نەدەبوا ئێوە ئەو راگەیێندراوە دەربکەن چونکە لە راستیدا ئێمە ئەو شتانەمان باس نەکردووە و هیچ یەک لەو پرسانە باس نەکراوە. زۆر بەداخەوە کە بەو شێوەیە بڵاویانکردووەتەوە".
سەرۆک وەزیران وتی: "ناتوانین چاوەڕێ بکەین بە یەک کۆبوونەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن ، کێشەکان گەورەن ، هەر لە ئێستاوە تاوەکو دەگاتە هەڵبژاردن دەکرێت هەندێ پرسی گرنگ وەک فڕۆکەخانە و مووچە چارەسەر بکەین".
نێچیرڤان بارزانی وتی: "هەڵوێستی هەرێمی کوردستان زۆر روون و ئاشکرایە ، هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو کێشانەی هەیەتی لەچوارچێوەی دەستووری عێراق چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە ، پێشتر گوتوومانە و ئێستا جەختمانکردووەتەوە و، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانیش هەر بەو شێوەیە قسەمانکردووە".
لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، نێچیرڤان بارزانی وتی: "کۆبوونەوەیەکی گرینگ بوو ، باسی ئەو هەنگاوانەمان کرد کە تاوەکو ئێستا لەگەڵ بەغدا ناومانە ، ئەویش گوتی کە ئەمە هەلێکی باشە بۆ ئەوەی ئێمە ئەو شتانە دوایی لەگەڵ بەغداش باس بکەین و هیوای ئەوەی هەبوو بگەینە ئەنجامێک". سەرۆکوەزیران هەروەها گوتی ، هیچ بەرنامەیەکمان نییە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.
لەبارەی ئاسۆی گەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا ، نێچیرڤان بارزانی وتی: "ئێمە هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجام ، هیچ هەلێک لەدەستنادەین بۆ ئەوەی بتوانین بگەین بە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و گەلی عێراق بێت".