"بەنزینی ژەهراوی هاوردەی هەرێم دەکرێت"

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی وزە و سامانەسروشتیەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" جارێكی تر وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەگەڵ كۆمپانیایەكی حزبی فێڵ لە هاوڵاتیان دەكەن و بەنزینی ژەهراوی هاوردەی هەرێم دەكەن".

غالب محەمەد، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی وزە و سامانەسروشتیەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبوك نوسیویەتی "دوای ئەوەی كە گومانمان لە جۆری ئەم مادە و كار ئاسانی وەزارەت بوو بۆ ئەم كۆمپانیا، دوامان كرد كە نمونەیەك بنێرێت بۆ زانكۆی سلێمانی بۆ ئەوەی پشكنینی بۆ بكرێت كە ئایا ئەم مادەیە یان بەنزینە، ئەوانیش بە نوسراوی ژمارە 1954 لە رێكەوتی 27/12/2017 كە كراوە بۆ گۆمركی باشماخ تێدا بە روونی هاتوە كە ئەم نمونەیە بریتی یە لە بەنزین بە پێی ئەو تێستانەی كە ئەنجامدراوە وگونجاونی یە لە تێستەكانی (benzene ،olefins ،sulfur content)، نەك هەر كوالیتەكەی خراپە بەڵكو دەبێتە مادەیەكی ژەهراوی".

‎نابراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " لە كاتی هاوردنی ئەم مادەی چەند جارێك لە رێگەی مەرزی باشماخەوە هاتووە بەڵام هیچ پشكنینی بۆ نەكراوە لە مەرزی باشماخ و نمونەكە هەناردەی وەزارەتی سامانەسرۆشتییەكان كراوە، ئەوانیش رێگەپێدانیان بۆ كردووە".
‎جەختیشكردوەتەوە، داواكارم بە زووترین كات نوسراوێك ئاڕاستەی گومركی باشماخ بكرێت بۆ ئەوەی رێكاری یاسای بەرانبەر بە ئەم كۆمپانیا و خاوەنەكەی بگیرێتەبەر بە پێی یاسای گومركی، هەروەها دەست بەجێ ئەم كۆمپانیا بخرێتە لیستی رەش لە سەر ئەم كارەی.



PM:08:32:25/01/2018