قەرەیڵان: هەموو کورد شانازی بەعفرینەوە دەکات

موراد قەرەیڵان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، دەڵێت " هەموو کورد شانازی بەعفرینەوە دەکات و، سوپای تورک لە ماوەی شەش ڕۆژ بەرخۆدانی عەفریندا تێکشکا".

 موراد قەرەیلان شەوی ڕابردوو بەشداری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی ڕۆناهی تیڤی وتی" لە ئێستا دا هەموو جۆرە پشتگیرییەک بۆ عەفرین گرنگە، لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی یەپەژە، یەپەگە و قەسەدە و گەلی عەفرین بەرخۆدانێکی وەهایان کردووە کە سوپای تورکی پێ تێکشکاوە، ئەو بەرخۆدانە لە بەرامبەر سوپایەکی بەتەواوەتی تەکنۆلۆژیکدا ڕوودەدات، بەرخۆدانی شەڕڤانان و گەلەکەمان لە عەفرین بۆ ئێمە جێگای خوشحاڵییە و هەموو گەلی کورد شانازیی پێوە دەکات، سڵاو دەنێرم بۆ بەرخۆدانیان و بە بەرزی دەنرخێنم".

 لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئەو بەرخۆدانە لەلایەن گەلی کورد و هێزە دەیموکراسیخوازەکانەوە ئەنجام دەدرێت، هیوای سەرکەوتن دەکەین بۆیان، گرنگ ئەوەیە کە بەرخۆدانی عەفرین لە یەکەم هەنگاوی دا سەرکەوتووە، سوپای تورک کە تێگەیشتووە شکستی هێناوە بە شوێن رێگایەکی دیپلۆماتیدا دەگەڕێت، ئەردۆغان سەرەتا دەیوت فڕۆکەکانمان بۆردومان دەکەن و ئەوانیش ڕادەکەن، بەڵام دواتر ڕوون بووەوە، کە گەلەکەمان بە چ ورەیەکەوە بەرخۆدان دەکەن، پێشتریش باسمان کردووە، سوپای تورک ئەوە نییە کە بەردەوام پروپاگەندەی بۆ دەکەن، لەلایەکی دیکەوە ئەوانەی هاوکاری سوپای تورک دەکەن بۆ ئەو هێرشە چەتەن، ئەوان ناتوانن شەڕ بکەن، ئەڵبەتە ئەوە بەو واتایە نییە کە دوژمن بە بچوک دەبینین، بە بچوکیان نازانین، بەڵكو تەنیا ڕاستییەکان دەڵێین".

لە بەردەوامیدا قەرەیلان وتی: ماوەی شەش ڕۆژە تەنانەت نەیانتوانیوە گردی قەستەل بگرن، ئەڵبەتە لە شەڕدا هیچ پێشبینی ناکرێت، لە ٢٠١٤دا چەتەکانی داعش زیاتر لە ٢٩٠ گوندی دەوروبەری کۆبانێ یان گرت، ٩٠٪ کۆبانێشیان بە دەستەوە بوو، بەڵام لە ئەنجامدا بەرخۆدانی شەڕڤانان سەرکەوت، تا ئێستا گەلەکەمان لە بەرخۆدانی عەفرین دا سەرکەوتووە، ئەو بەرخۆدانەش تەنیا تایبەت نییە بە گەلی کورد، بەڵکو سەرکەوتنی هەموو ئازادیخوازان و گەلانی تورکیاشە.

 ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەرێوبەریی پەکەکە وتیشی " پێموانوایە ئەگەر دانیشتنەکانی سۆچی بەڕێوەبچن، لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕوسیا پشتی گەلی کوردی بەردا، باشترە نوێنەرایەتی ڕۆژئاوا و باکوری سوریا دانیشتنەکان بایکۆت نەکەن و تێیدا بەشداربن، گەلی ڕۆژئاوا باش دەزانن کە چۆن لە بواری شەڕ و لە بواری دیالۆگدا بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن، واتە ئەگەر تەڤ-دەم و نوێنەرایەتیی کانتۆنەکان لەو دانیشتنانەدا بەشدارنەبن و ئەنەکەسە بەشداربێت ئەوە باش نییە، ئەگەر ئەنەکەسە بەتەنیا لەو دانیشتنانەدا بەشداربێت، هەموو ئامۆژگارییەکانی ئەردۆغان پێک دێنن، ئەردۆغان سەدامی سەردەمە".

 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشی دا وتی " حکومەتی تورک دەیەوێت بیشارێتەوە کە هێرش بۆ سەر عەفرین هێرشە بۆ سەر گەلان و هاوڵاتیانی مەدەنی عەفرینە، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە عەفریندا دەژین، زۆربەی ئاوارەکانی شەڕی ناوخۆی سوریا لە عەفرینن، سوپای تورک دەڵێت بۆ پاراستنی ئارامیی سنوورەکانی هێرش دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە زیاتر لە ٣٠٠ جار هێرش کراوەتە سەر سنوورەکانی، ئەوە بەتەواوەتی دوورە لە ڕاستییەوە، هەمووان دەزانن کە هیچ هێرش بۆ سەر سنوورەکانی تورکیا ڕووی نەداوە، هاوکات تورکیا خۆیان تۆپیان هاویشتووەتە سەر مزگەوتێک لە کلیس و دەڵێن کە هێزەکانی یەپەگە ئەو کارەیان کردووە".

 وتیشی: ماوەیەک پێش ئێستا فایلێکی دەنگیی کۆبوونەوەی میتی تورک بڵاوبووەوە، کە تێیدا باس لەوە دەکەن هێز بنێرنە ئەو دیوی سنوورەکان بۆ ئەوەی لەوێوە ناوخۆی تورکیا تۆپباران بکەن، لەلایەکی دیکەوە دەڵێن کە پەکەکە لەوێیە، ئەوەش درۆیە، پەکەکە لەوێ نییە، بەڵکو خەڵکی ئەوێ لەوێن، دەڵێن بە هۆی نیگەرانییەکانمانەوە هێرشمان کردووە، لەو بارەیەوە ڕاست دەکەن، چونکە تەنیا نیگەرانی حکومەتی تورک لە ناوبردنی گەلی کوردە.

 موراد قەرەیلان لە بەردەوامی قسەکانیدا ڕایگەیاند: ئەو هەڵوێستەی گەلەکەمان هەڵوێستێکی بەبایەخ و بەواتایە، ئەگەر گەلی عەفرین بەردەوام بن لەو بەرخۆدانەدا، هێرشەکان هەر چی بن گرنگ نییە، لە کۆتاییدا سەرکەوتن بە گەلەکەمان دەبێت، نابێت بترسن و پێویستە بەرگری لە خۆیان بکەن، ئەگەرچی لە ئێستادا هێرشەکە لە سەر عەفرینە، بەڵام ئەو هێرشە لە دژی هەموو کوردستان و ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلەکەمانە، هەروەها هێرشە بۆ سەر خاکی سوریا و پێویستە هەموو پێکهاتەکانی سوریا لە دژی بوەستنەوە، هەرچەند پشتگیرییەکان بۆ عەفرین زیاتربن سەرکەوتنی عەفرین نزیکتردەبێتەوە.



PM:12:24:27/01/2018