قایمقامیەت لەبارەی جۆرە دەرمانێکەوە هۆشداری دەدات

سەرۆکی لیژنەی نوسینگە کشتوکاڵیەکانی سەر بەلیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، رایدەگەیەنێت، ئەو دەرمانانەی بۆ لەناوبردنی مێروو لەماڵاندا بەکار دەھێنرێت مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی شێرپەنجەی لێ دەکرێت.


بەگوێرەی راگەیەندراوێکی قایمقامیەتی سلێمانی، کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، بێستون علی، سەرۆکی لیژنەی نوسینگە کشتوکاڵیەکان، ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژانە سەردانی نوسینگە و کۆمپانیا و خانووە پلاستیکەیە کشتوکاڵیەکان دەکەن و پشکنینی بۆ ئەو دەرمانانە دەکەن لە کشتوکاڵکردن یاخوود بۆ لەناوبردنی مێروو بەکاردەھێنرێت.

بەوتەی ئەو، لەلایەن لیژنەکەوە دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی لەناوبردنی مێروودا گیراوە"یەکێک لەو ماددە مەترسیدارانەی لە دروستکردنی دەرمانی قڕکەردا بەکار دەھێنرێت (پایپەرماثین)ە، و لیژنەکە دەستی بەسەر برێکی زۆر دەرماندا گرتووە کە رێژەیەکی زۆر لەو ماددە ژەھراویە لە پێکھاتەیدا ھەیە، کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکەی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق تۆمارنەکراوە".

ھەروەھا دەڵێت، ئەو دەرمانە جێی مەترسیە، لەبەرئەمەش قەدەغەکراوە و رێگری لە کڕین و فرۆشتنی دەکرێت.

راشیگەیاندووە،"پێشتر، لەلایەن لیژنەکەوە ئاگاداری سەرجەم نوسینگە و کۆمپانیا کشتوکاڵیەکان کراونەتەوە، لە ھاوردەنەکردن و نەفرۆشتنی ئەو ماددە مەترسیدارانە، ئەو بڕشی دەستی بەسەردا گیراوە لەناودەبرێت و خاوەنەکانیشیان رووبەرووی یاسایی دەکرێنەوە".

روونیکردووەتەوە، پایپەرماثین، بە دوو شێوە مرۆڤ بەکاری دەھێنێت، بەشێکی راستەوخۆ لەماڵەکاندا وەک دەرمانی لەناوبردنی مێروو بەکاردەھێنرێت و بەشەکەی تر بەشێوەیەکی لاوەکی و لەڕێی سەوزەو میوەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و لەئەگەری بەکارھێنانیشی دەبێتە ھۆی لەدەست دانی بەھای خۆراکی بەرھەمەکان و زیانێکی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.








PM:04:23:28/01/2018