لەسەر مووچەی مانگی ١٠ ی ٢٠١٧ دڵنیایی بە مامۆستایان دەدرێت

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە وەزیری دارایی هەرێم كردووە مووچەی مانگی 10ی مامۆستایان لەلایەن هەرێمەوە دابەش بكرێت، هەفتەی داهاتووش بڕیار دەدرێت.

عەبدولواحید محەمەد سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی راگەیاندووە، ئەمڕۆ لەبارەگای سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەندی پرسێكی تایبەت بە پرۆسەی پەروەردەو مووچەی مامۆستایان لەگەڵ پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم كۆبوونەتەوە.

سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، وتویەتی "لەكۆبوونەوەكەدا لەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی مامۆستایان وەك فەرمانبەرانی دیكەی حكومەت كە وەزارەتی دارایی رایگەیاندوە، وەزیری پەروەردە بەتەلەفون قسەی لەگەڵ رێباز حەملان وەزیری دارایی كرد، وەزیری دارایش تەئكیدی لەسەر ئەوەكردەوە كە كێشەی كەمی پارەیان هەبووە و هەفتەی داهاتوو پێدانی مووچەی مانگی 10ی مامۆستایان یەكلادەبێتەوەو چاوەڕوان دەكرێت لیستی مووچەی مامۆستایان بۆ ئەو مانگە رابگەیەنرێت".

سكرتێری یەكێتی مامۆستایان ئاماژەی بەوەشكردووە، گەشبینن بەدابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی وەزارەتی پەروەردە لەلایەن هەرێمەوەو چاوەڕوانی هەفتەی داهاتوون.



PM:10:34:29/01/2018