ڕۆژنامەنووسێك شەهیدبوو

ڕۆژنامەنووسێكی یەپەژە لە ئەنجامی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا لە عەفرین شەهیدبوو.

ئەمڕۆ، كۆمیتەی ڕاگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی ژن "یەپەژە"، لە ڕاگەیەندراوێكدا شەهیدبوونی ئاڤرین مەعسوم، ڕۆژنامەنووسی "یەپەژە"یان ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە"سوپای تورك بە هاوكاریی چەند گروپێكی چەكدار ماوەی ١١ ڕۆژە بەبێ وەستان هێرش بۆ سەر عەفرینی دەستپێكردووە، لە بەرامبەر ئەو هێرشەدا شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە و هاوڵاتیانی عەفرین بەرخۆدانێكی وەها مێژووییان خولقاندووە كە جیهان قەت بیری نەچێتەوە".

ئەوەشی خستۆتەڕوو "ڕۆژنامەنووسان بە مەبەستی ڕووماڵكردنی ڕاستییەكان لە ماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردوودا بە شەو و ڕۆژ لە بەرەكانی جەنگدا بوون، ڕۆژی ٢٧ی مانگ گروپێكی سەربە سوپای تورك هێرشیان كردە سەر ڕاجۆی كانتۆنی عەفرین، شەڕڤانان وەڵامی ئەو هێرشەیان دایەوەو ژمارەیەكی زۆر لەو خاڵانەیان وەرگرتەوە كە كەوتبوونە دەستی هێزە تیرۆریستەكانەوە، لەو چوارچێوەیەدا ئەندامێكی ڕاگەیاندنمان بە ناوی ئاڤرین مەعسوم، كە بەرخۆدانی شەڕڤانانی ڕوماڵ دەكرد شەهید بوو".

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "تێكۆشەر ئاڤرین مەعسوم خاوەن هێز و رۆحێكی شۆڕشگێڕانە بوو لە كاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسیی شەڕدا، بەبێ هیچ دوودڵییەك لە هەموو شەڕەكاندا وەك شەڕڤانێكی یەپەژە لە سەنگەرەكاندا بوو، لە شەڕەكانی زیارەت، تەل ڕەفعەت و شەهبا و منخ و لەم دواییانەشدا لە بەرخۆدانی سەردەمدا بەشداربوبوو، بە ئازایەتیی خۆی پیشانی دا هێڵی شەهیدان ڕومەت، ئەیلول، خەریب، دڵگەش و ڕزگار و تۆلهلدان، كە هەموویان لە بەرەكانی شەڕدا شەهیدبوون، زیندووە".

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "وە هەموو ئەندامانی كۆمیتەی ڕاگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی ژنانەوە بەڵێن دەدەینم كە ڕێگای شەهید ئاڤرین و تۆلهلدان وەلات و هەموو گیان پاكانی شۆڕش ڕووناك ڕابگرین و ئەو ڕاستییانە بڵاوبكەینەوە، كە ئەوان دەیانویست بە ڕای گشتیی ڕابگەیەنن".

لە دەستپێكی شەڕی عەفرینەوە ئەمە دووەمین ڕۆژنامەنووسە، كە لە بەهۆی پەلامارەكانی دەوڵەتی توركیاوە بۆ سەر عەفرین شەهیدببن.



AM:09:43:30/01/2018