گۆڕان بایكۆتی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستانی كرد

فراكسیۆنی گۆڕان بایكۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستانی كرد و سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش دەڵێت "بەپێی ماددەی ٦ی پەیرەوی ناوخۆ داوای دانیشتی نائاساییمان كردبوە تاوەكو هیچ برگە و ماددەیەكی تر لەكۆبونەوەكەدا باس نەكرێ".

برزۆ مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "ئێستاش داوا دەكەین دانیشتەكە تەنها تایبەت بكرێ بەدۆخی عەفرین و بەپێی توانا بتوانین بەراسپاردە و بریار دەربچین كە بەشێكی تایبەت بێت بەحكومەت بۆ ئەوەی دەروازەیان بۆ بكرێتەوە و ئەوەی پێویستە لەوری هاوكاری دیبلۆماسی و پشتیوانی لۆجستی و سیاسی كە لەعورفی سیاسی رێگە پێدراو بێت دەربكەین".


لەبەرامبەردا جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەوەلامدا رایگەیاند "دۆخی عەفرین دۆخێكی هەستیارە و خەمی هەموو كوردستانیانە، ئەم داوایەش كە بۆدەستەی سەرۆكایەتی لەزۆربەی فراكسیۆنەكان هاتوە بەهەندمان وەرگرتوە، پێمان وایە عەفرین پرسێكی مرۆڤایەتیە بەرلەوەی بۆ كوردبون بێت ، چونكە عەفرین سیمبولی بەیەكەوە ژیانە.

ئیمینكی رەخنەشی گرت لەفراكسیۆنەكان بەوەی دۆخی زۆر خراپ بەسەر كوردستان و خورماتو وكەكوك هات، كەچی هیچ داوایەكی كۆبونەوەی نائاسایی بەدەستی ئێمە نەگەیشتوە، لەكۆبونەوەی ئەمرۆش مەبەستمانە سەرجەم لایەنەكان ئاگادار دەكەینەوە لەولاتانی عەرەبی و ناوچەكە و دونیا ئاگادار بكەینەوە و دونیاش گوێ لەپەیامی ئێمە بگرێ.

هاوكات بەگوێرەی نوسراویچك كە دەست "سپی" كەوتووە هەردوو پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان پەروا عەلی و شێركۆ حەمە ئەمین لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیان كردووە داوا دەكەن بڕیاری ژمارە 37ی ساڵی 2003 ی پەرلەمان كە تایبەتە بە جێهێشتنی هێزەكانی توركیا كە لەخاكی هەرێمدا جێگیركراون جێبەجێ بكرێت.





PM:01:16:30/01/2018