ناردنی بودجە لەلایەن بەغدادەوە، سیاسەت ، یان نیاز پاكی؟

لەدوای بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە، هەرێم رووبەرووی قەیرانیكی گەورە بوویەوە بە شێوەیەك كە توانای پێدانی موچەی فەرمانبەرانی خۆی نەما بۆیە دەستی كرد بە پیادەكردنی سیستەمی پاشەكەوتی موچە.


هەرێم لەپیادەكردنی سیستمی پاشەكەوتیش سەركەوتوو نەبوو، چونكە نەیتوانی نیومووچە وچارەكە موچەش لە كاتی خۆیدا دابین بكات بۆیە فەرمانبەران چەندین نیوموچە و چارەكەموچە شیان فەوتا، ئەمەش بارودۆخی ئابوری و دارای هەرێمی كوردستانی توشی شكستێكی گەورە كردەوە كە نزیك بوو لە داڕمانی تەواوەتی.

لە بەرواری 29ی کانوونی دووەمی 2018 بەغداد بەناردنی بری 250 ملیار دینار و لابردنی سزای سەربانكەكانی هەرێمی كوردستان دوو پەیامی نیازپاكی بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی لەگەڵ هەرێم نارد.

قوڵبوونەوەی ململانێكانی نێوان مالكی و عەبادی تێروانینی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەگشتی كە لەگەڵ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدادن كاریگەری لە سەر دانیشتنی هەرێم و بەغداد دەبێت بە ئاسۆی چارەسەر ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیشبێت.

كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی نایایەوێت لە پاڵ بوونی ئاڵۆزی لە سوریادا لە ناو عێراقیش ئاڵۆزی و لێكترازان هەبێت لەنێوان كورد و حكومەتی ناوەندی عێراق.

ئەوەی كە جێگەی تێرامانە بریتیە لە خوێندنەوەی یەكەم بۆ بۆیاسای بودجەی 2018 هەرلەهەمان رۆژی گەشتنی 250 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی .

بەغداد پەیامی نیازپاكی گەیاندە هەرێم بۆ ئاسای كردنەوەی پەیوەندییەكانیان

دوای تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و دروستبونی قەیرانی دارای هەرێمی كوردستان ، عێراق و هەرێم هەمیشە یەكتریان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە خۆیان دەدزنەوە لە چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوانیان.

لەسەرەتای 2018 كاتێك دەستپێكی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغداد دەستی پێكردەوە لەدوای راگەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سركردنی ئەنجامی ریفراندۆم موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كەوتنە ناو بارودۆخێكی دەرونی سەختەوە بە شێوەیەك كە نەیاندەزانی بروا بە لێدوانەكانی هەرێم یان بەغداد بكەن سەبارەت بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغدادەوە.

لە بەرواری 29ی کانوونی دووەمی 2018  حكومەتی عێراقی فیدراڵ بڕی 250 ملیار دیناری بە مەبەستی پێدانی موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی لە عێراقەوە گەشتە هەرێمی كوردستان .

جگە لەناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەریمی كوردستان هەر ئەمرۆ پەرلەمانی عێراقی بەزۆرینەی دەنگ بریاریدا كە سزا لە سەر بانكەكانی هەرێمی كوردستان هەڵبگیریت و لقەكانی بانكی ناوەندی دەست بكەنەوە بەكارەكانیان.

دوای ئەنجامدانی ریفراندم لە 25ی ئەیلولی 2017 حكومەتی پەرلەمانی عێراقی لە 7 تشرینی دووەمی 2017 بریاریدا كە بانكی ناوەندی عێراق كارەكانی سەرجەم لقەكانی لە هەرێمی كوردستان هەڵپەسێرت و دراوی بیانی بە بانكە كانی هەرێمی كوردستان نەفرۆشێت.

ئەكرێت ناردنی ئەو بڕە پارەیە دەستكردنەوە بە مامەڵەكردن لەگەڵ بانكەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بانكی ناوەندییەوە بە دوو پەیامی نیاز پاكی لە بەغدادەوە بۆ هەرێم دابنێن، لە ئایندەیەكی نیزكیشدا لە سەر ئاستی باڵا هەرێم و بەغداد دەستبكەنەوە بە گفتوگۆكانیان.

كاریگەری ململانێی نێوان عەبادی و مالكی لەسەر ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد

مالكی و عەبادی وەك دوو كارەكتەری سەرەكی لە سەر گۆرەپانی عێراق كەوتونەتە ململانێ‌ لەگەڵ یەكتری بۆ ئەوەی هەریەكەیان بتوانێت لەهەڵبژاردنی ئایندەدات زۆرترین دەنگ و پاشان هاوپەیمانێتی پێك بیەنێت بۆ بوون بە سەرۆك وەزیرانی عێراق.

نزیك بوونەوەی مالكی لە كورد عەبادی نیگەران كردبوو بەو پێیەی دەكرێت كورد رۆڵێكی گرنگ بگێرێت لە یەكلای كردنەوەی پرسی سەرۆك وەزیرانی ئایندەی عێراق ئەگەر بە شێوەیەكی یەكگرتوو برۆنەوە بەغداد.

ململانێكانی مالكی و عەبادی لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق دەكرێت هۆكارێك بن بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانی عێراق لەگەڵ هەرێم، لەبەر ئەوەی عەبادی نایەوێت كە مالكی خراپی ئەم پەیوەندیە بەكار بیەنێت بۆ نزیكبوونەوە لە كوردەكان، چونكە لەم كاتەدا چانسی بوونەوەی بە سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ خولێكی تر لاواز دەبێت .

هەرێمی كوردستان ئەگەر بە شێوەیەكی عەقلانی مامەڵە بكات دەتوانێت سود لە ململانێكانی نێوان مالكی و عەبادی وەر بگرێت لەم قۆناغەدا.

عەبادی مەبەستیەتی ئەو بۆشاییە سیاسیەی كە لەنێوان هەرێم و بەغداد دروستبووە بە بەرژەوەندی خۆی یەكلای بكاتەوە بەو پێیەی كە سەرنجی كوردەكان رابكێشێت بۆ پێدانی متمانەوە پێی بۆ بوونەوە بە سەرۆك وەزیران .

كاریگەری ژینگەی نێودەوڵەتی لە سەر ناردنی هاوكاری لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێم

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی مەرجی بۆ عێراق هەیە بە مەبەستی پێدانی قەرز بۆ پرۆسەی بونیاد نانەوەی عێراقی دوای داعش، مەرجە بنەرەتیەكەشی بریتییە لە ئاسایكردنەونەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پشتگیری كردنی دارای هەرێم بۆ رزگاربوون لە و قەیرانە دارای و ئابورییەی كە تێی كەوتووە چونكە هەرێمی كوردستان لە لێواری شكست و كە وتندا.

لە پاڵ هەوڵە كانی سندوقی دراوی نیودەولەتی دوێنی بە 28/1/2018 وەفدێكی باڵا كە نمایندەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای دەكرد سەردانی بەغداد و هەولێریان كرد، وەفدەكەی ئەمریكا كە پێك هاتبوون لە (جۆن سلیڤان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمركیا و دۆگلال سیلیمان باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق و ئاندرۆ پیك یاریدەدەری وەزیری دەروەی ئەمركیا بۆ كارو باری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێرك مایەر جێگری یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا) لە كۆبونەوەكانیان لەگەڵ بەغداد و هەولێر بەپێی ماڵپەری باڵوێزخانەی ئەمریكا لە عێراق داوای ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد یانكردووە.

ناردنی بری 250 ملیار دینار لەلایەن عێراقە وە بۆ هەرێم تەنها یەك رۆژ دوای سەردانی جێگری وەزیری دەروەی ئەمریكا دەرخەری ئەو راستییە كە ئەمریكییەكان لە گەڵ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدادن و نایانەوێت لەوە زیاتر هەرێمی كوردستان بچوكببێتەوە.

ماڵپەری كونسوڵخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی خستۆتە ڕوو كە سەردانەكە جێگری وەزیری دەروەی ئەمركا بۆ عێراق یەكێك لەمەبەستەكانی ئاسایكردنەوەی پەوەندییەكانی هەرێم و بەغدایە.

بە پێی ماڵپەری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە كۆبوونەوەی شاندی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی باسی چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد كراوە لە سەربنەمای دەستوری عێراقی 2005 بە شیوەی دیالۆگ هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پابەندی خۆی راگەیاندووە بە چارەسەر كردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغداد لەسەر بنەمای دەستور.

ناردنی موچە و خوێندنەوە ی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی 2018 عێراق

ئەوەی كە جێگەی سەرنجە ناردنی بری 250 ملیار دینار لە عێراقەوە بۆ هەرێم هاوكاتە لەگەڵ خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای بودجەی 2018 لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە.

دوای ئەوەی كە لە كۆتای 2017 نەتوانرا یاسای بودجە تێبپەرێنرێت بەهۆی ململانێی لایەنە ناكۆكەكانی ناو عێراق و لە نێوانیانیشا كورد ئەمرۆ خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پرۆژە یاسایە كرا بە بێ‌ ئامادەبوونی كورد و سونەكان.

كورد و سونەی عەرەب زەرەر مەندی یەكەمن لە پرۆژە یاسی بودجەی عێراقی 2018، بەو پێیەی لەو پرۆژە یاسادا بەپێی پێویست رەچاوی بارودۆخی ناوچە رزگاركراوەكانی دەستی داعش نەكراوە، كە زۆرینەیان سونە نشینی عەرەبن و هیچ بڕە پارەیەكی بەمەبەستی ئاوەدانكردنەوە بۆ تەرخاننەكراوە.

ئەم پرۆژەیاسایەش یەكەم پرۆژە یاسایە لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە (2003 ) كە پشكی كورد تیایدا زۆر كەمكراوەتەوە بە شێوەیەك كە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەگەڵ پرۆژەی یاسای بودجەی ساڵانی تر كە قبوڵكراون لە پەرلەمانی عێراقی، چونكە پشكی كورد لە %17 ەوە كەمكراوەتەوە بۆ 12,65% ئەمە لە كاتێكدایە كە بە پێی دەستوری هەمیشەی عێراقی 2005 پشكی كورد بە %17 دیاریكراوە .

ناردنی ئەو برە پارە و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی عێراقی 2018 لەیەك كاتدا بۆچی ؟

ئەكرێت ناردنی بری ئەو 250 ملوێن دینارە وەك سیاسیەتێك لە لایەن بەغدادەوە بەكار بهێنرێت بەمەبەستی سەرقاڵكردنی شەقام و سیاسەتی كوردی پێوەی و لە پاڵیدا پرۆژە یاسای بودجەی 2018 تێبپەرێنرێت لە دانیشتنەكانی ئایندەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەمەش كورد لە روو ی ناردنی بودجە لە لایەن عێراقەوە توشی زەرەرێكی گەورە دەبێت ئەگەر گۆرانكاری لەم پرۆژە یاسایەدا نەكریت.

جەزا ئەحمەد فارس/ توێژەری سیاسی



PM:05:01:30/01/2018