دوو ئەندام پەرلەمانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکانی ئەمڕۆیان بایکۆت نەکرد

لەسەر دیاری نەکردنی پشکی لە ١٧% بوودجەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانیان کرد، بەلآم دوو پەرلەمانتار لە کۆبوونەوەکەدا مانەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەرلەمانی عێراقەوە بە سپی راگەیاند" ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا هەرچەندە فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد، بەو پێیەی پشکی لە ١٧% کورد لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ زامن نەکراوە، بەلآم هەردوو پەرلەمانتار ئالآ تاڵەبانی سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی و، مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری گۆڕان لە کۆبوونەوەکەدا مانەوەو بایکۆتیان نەکرد".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەر لە سەرەتاوە ئالآ تاڵەبانی پەرلەمانتاری یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا مایەوەو لە گەڵ سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان نەچووە دەرەوە، بەلآم مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری گۆڕان سەرەتا نەچووبووە کۆبوونەوەکەوە، بەلآم دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ناو کۆبوونەوەکە.

دوای بایکۆتکردنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لەلایەن فراکسیۆنە کوردستانیەکانەوە، ئەو فراسکیۆنە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری لەسەر رەخنەکانیان لە پرۆژە یاسای بودجە بۆ رۆژنامەنووسان خستە روو.  

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دواخراو بڕیارە سبەی پێنج شەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆببێتەوە.



PM:07:39:31/01/2018