تورکیا کوژرانی ژمارەیەک سەربازی پشتڕاست دەکاتەوە

سوپای تورکیا هێرشکردنە سەر تانکێکى لەسنورى عەفرین لەلایەن شەڕڤانانى هێزەکانى سوریاى دیموکراتەوە پشتڕاستکردەوە کە بەهۆیەوە پێنج سەرباز کوژراون.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکى سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "لقی زەیتون"دا، لە ناوچەی شێخ ھۆرۆز باکووری رۆژھەڵاتی عەفرین تانکێکی سوپا کراوەتە ئامانج و بەھۆیەوە پێنج سەرباز کوژراون و سەرەڕای گشت ھەوڵەکان نەتوانرا رزگار بکرێن.

هەر ئەمڕۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا کوژرانى دوو سەربازى لە ئۆپراسیۆنى لقى زەیتون راگەیاندبوو  بەو پێیەش ژمارەى ئەو سەربازانەى تورکیا کە ئەمڕۆ کوژراون گەیشتە حەوت کوژراو.

ئەمڕۆ هەسەدە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە میحوەرى بلبلە تانکێکى تورکیا بەئامانج گیراوەو تێکشکێنراوە و بەگوێرەی لە گرتەیەکى ڤیدیۆیی دەردەکەوێت کە  ژنە شەڕڤانانى یەپەژە مووشەکێک ئاڕاستەى ئەو تانکەى سوپاى تورکیا دەکەن و لە کاتى بەرکەوتنى تانکەکەدا تەقینەوەیەکى ئاگرینى گەورە ڕوو دەدات و چەندین پارچەى تانکەکە بەدەرووبەردا بڵاو دەبێتەوە.



PM:11:01:03/02/2018