مەسرور بارزانی: كەركوك شارێكی داگیركراوە

مەسرور بارزانی‌، ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ پارتی‌ رایگەیاند، بەنیسبەت پارتییەوە بۆ هاوپەیمانی‌ لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان هەموو بژاردەكان كراوەیە و لەبارەی كەركوكیشەوە وتی "كەركوك شارێكی داگیركراوە".

مەسرور بارزانی‌، ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و راوێژكاری‌ ئەنجومەنی‌ ئاسایشی‌ هەرێمی‌ كوردستان دوای‌ بەشداریكردنی‌ لە كۆنفرانسی‌ ساڵانەی‌ دەزگای‌ خێرخوازی‌ بارزانی‌ لە شاری‌ هەولێر، "كەركووك شارێكی داگیركراوەو پێشنیازی دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگاكە رەتدەكەینەوە".

هاوكات دەربارەی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا ووتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی گفتوگۆیە و داوای جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی كورد دەكەین".

مەسرور بارزانی لەوەڵامی‌ پرسیاری‌ رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە هاوپەیمانی‌ داهاتووی‌ پارتی‌ لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان بۆ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عیراق رایگەیاند "ئێمە گرنگی‌ بە ئەجندای‌ داهاتوو دەدەین، ئەوانەی‌ ئامادەبن لەگەڵ هەرێمی‌ كوردستان بۆ جێبەجێكردنی‌ هەموو مافە دەستوورییەكان بێنە پێشەوە هەموو بژاردەكان كراوەن، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك بۆ بەستنی‌ هاوپەیمانی‌ نییە".

سەبارەت بەوەی‌ دەوترێت مەسرور بارزانی‌ دەبێتە سەرۆكی‌ لیستی‌ پارتی‌ بۆ هەڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان وتی‌ "نەخێر راست نییە".



PM:02:45:05/02/2018