نوسینگەی عەبادی دوایین زانیاری لەبارەی پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداوە ئاشكرادەكات

نوسینگەی راگەیاندنی عەبادی جەختدەكاتەوە، حكومەتی ئیتیحادی بەرپرسیار نییە لەهەر گرێبەستێك كە حكومەتی هەرێم ئیمزای كردبێت لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی تایبەت بە كێڵگە نەوتییەكان و دەشڵێت "گۆڕانكاری لە هەڵوێستی هەرێم ڕوویداوە".

سەعد حەدیسی، وتەبێژی بەناوی نوسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی بە رۆژنامەی "الصباح الجدید" ی عێراقی راگەیاند، لە دیدارەكەی ئەم دواییەی نێوان عەبادی و نێچیرڤان بارزانی دا، جەخت لە كۆمەڵێك بنەما كرایەوە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی دۆسیەی هەناردەی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمەوە و ڕایگەیاندووە "دۆسیەی سیادی دەبێت لە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی ئیتیحادیدا بێت و دۆسیەی نەوت دەبێت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت".

سەعد حەدیسی راشیگەیاند، هەر گرێبەستێكی نەوت یان بەرهەمهێنان كە حكومەتی هەرێم پێشتر بەبێ ئاگاداری حكومەتی ئیتیحادی ئیمزای كردوون، بەغدا لێی بەرپرسیار نییە و دەبێت حكومەتی هەرێم سەرجەم لێكەوتە دارایی و یاساییەكانی هەڵبگرێت.

بەوتەی حەدیسی، لیژنەی تەكنیكی و تیمی پسپۆڕ لە كۆمپانیای سۆمۆ و لیژنەی وزەی ئەنجومەنی وەزیران و هەندێ لایەنی پەیوەندیداری حكومەتی هەرێم پێكهێنراوە، كە كاردەكات بۆ كاراكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەت و جێبەجێكردنی لەسەر ئەرزی واقیع لەماوەی داهاتوودا.

جەختیشیكردووەتەوە، دۆخی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم زۆر باشتر بووە لە دۆخی پێش راپرسی، سەرەڕای ئەوەی  گۆڕانكاری گەورە لە هەڵوێستەكانی هەرێم روویانداوە لەرووی دەستوری و رێزگرتن لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەبارەی راپرسی یەوە.



AM:11:49:06/02/2018