لەناو جەرگەی بازاڕدا هاوڵاتیەک کوژرا

لە رانیە لەناوجەرگەی شاردا هاوڵاتیەک لەلایەن کەسێکی ترەوە بەر دەسترێژی گوولەی کڵاشنکۆف دراو گیانی لەدەستدا.

پۆلیسی رانییە رایگەیاند " ئەمڕۆ بەرواری ٦ ی شوبات لە نزیک بازاڕی قولە لە شاری ڕانیە لەگەڵ دەرچونی مەفرەزەکانمان بۆ شوێنی ڕوداوەکە دەرکەوت هاوڵاتیێکی تەمەن ( ٣٧ ) ساڵ لە ڕەگەزی نێر بەناوی ( س . ع ) دانیشتوی گوندی بۆسکێن سەر بە قەزای ڕانیە لەلایەن کەسێک بەناوی ( ع . م ) تەمەن ( ٢٩ ) ساڵ دانیشتوی هەمان شوێن بە چەکی جۆری کڵاشنکۆف هێرشی کردووەتە سەر و چوار فیشەک بەر جەستەی کەوتووە بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە".

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە" دواتر بکوژەکە خۆی ڕادەستی هێزەکانمان کردووەو، دەستبەجێ ڕێکاری یاسایی گیرایە بەر و لە شوێنی ڕوداوەکەش دەستگیرا بەسەر چەند قەوانێکی تەقیو لە جۆری کڵاشنکۆف".

هەروەها هاتووە " دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ بکوژەکە لەبەردەمی پۆلیس و لێکۆڵەری دادی، ناوبراو دانی ناوە بە تاوانەکەی ڕوداوەکەی گەڕاندەوە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی".

 دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە ڕێکخرا و بکوژەکە بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە، لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە .

ئا: ئەمیر حەسەن



PM:06:05:06/02/2018