حاکم شێخ لەتیف: میراتی نەوشیروان مستەفا تەماتە نییە

حاکم شێخ لەتیف مستەفا پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان دەڵێت " دەبێ بزانن میراتی نەوشیروان مستەفا تەماتە نیە ئەوەی پێت باش بوو بۆخۆت ھەڵیبژێری و ئەوەی تری بخەیتەلاوە".

لە نووسینێکدا لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک، کە بەناوی " میراتی نەوشیروان مستەفا "ەوە حاکم شێخ لەتیف نووسیوویەتی"  
ھەندێ ھەڵسوڕاو ، بەتایبەتیش گەنج ، سەری زمان و بنی زمانیان دەسگرتنە بە میراتی نەوشیروان مستەفاوە ، دەبێ بزانن میراتی نەوشیروان مستەفا تەماتە نیە ئەوەی پێت باش بوو بۆخۆت ھەڵیبژێری و ئەوەی تری بخەیتەلاوە ، میراتێکی زۆر ڕونو ئاشکرای ئەو ئەوەبوو کە ھیچ کەسێک لەناو گۆڕان لەیەک جار زیاتر سودمەند نەبێت لە پۆستەکان ، ( جاڕاست بوبێت یان ھەڵە ئەوە شتێکی ترە ) چونکە بەداخەوە لەم وڵاتە پلەو پۆست بەبازرگانی کراون".

شێخ لەتیف مەبەستەکەی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان رووندەکاتەوەو دەڵێت " بۆ ئەوەی زۆرترین ھەل بۆ زۆرترین خەڵک بڕەخسێت و وەک دوو حیزبی دەسەلاتدار پۆست و پلەکان بۆ ژمارەیەک دەموچاو قۆرخ نەکرێن  و ئەزمونی ئەوان دوبارە نەکەنەوە ، ئەوە ڕاستیە ئەو لەژیانی خۆیدا ڕێگای نەدا بەکەس دووجار سودمەندبێت ، چەندە بەتواناش بوبێت ، ھێنانەوەی ھەر بیانویەک بۆ دوبارە خۆکاندید کردن لادان و فێڵکردنە لە ڕێبازی کاک نەوشیروان".

حاکم شێخ لەتیف ئیستسنایەکی تێدەکات، بەبێ ئەوەی مەرامەکەی بزانرێت کە بۆ ئەو ئیستسنائەی تێکردووە، کاتێک کە دەڵێت" جگە لەو حاڵەتانە نەبێت کە بەبڕیاری جڤاتی نیشتیمانی وەک تەکلیف و زەرورەت بۆ بزوتنەوەکە داوا لەیەکێکتان بکرێت خۆی کاندید بکاتەوە یان پۆستی پێ بدرێتەوە".



AM:10:39:10/02/2018